شارەوانیی پێنجی هەولێر: هیچ کێشەیەکی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکمان نییە
رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەکی گەڕەکی رۆشنبیری لە شاری هەولێر داوا لە شارەوانی دەکەن تیمی پاککردنەوەی زبڵ و خاشاک سەردانی گەڕەکەکەیان بکات. لێپرسراوی هۆبەی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی پێنجی هەولێر رەتیدەکاتەوە چەند رۆژێک بێت پاشماوەکان کۆنەکرابێتنەوە و دەڵێت، هیچ گرفتێکمان نییە و هەرکەسێکیش گلەیی هەبێت بەدواداچوونی بۆ دەکەین.
چەند هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی رۆشنبیری لە هەولێر پەیوەندییان بە رادیۆی رووداوەوە کردووە و گلەیی ئەوە دەکەن کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئۆتۆمبێلی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک سەردانی گەڕەکەکەیانی نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کۆبوونەوەی پاشماوەکان لە بەردەم ماڵەکانیان و داواکارن شارەوانی هەولێر بە زوویی بەدەم داواکارییەکەیانەوە بچێت.
بەختیار ئەحمەد، لێپرسراوی هۆبەی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی پێنجی هەولێر بە رادیۆی رووداو رایگەیاند: "هیچ کێشەیەکمان لە گەڕەکی رۆشنبیری نییە، نە لە رابردوودا و نە ئێستا؛ بەپێی بەرنامەی کار، رۆژ نا رۆژێک زبڵ و پاشماوەی گەڕەکی رۆشنبیری کۆ دەکرێتەوە."
لێپرسراوی هۆبەی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی پێنج گوتی: "نەک تەنیا لە گەڕەکی رۆشنبیری، بەڵکو لە تەواوی سنووری سەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر، بەهیچ شێوەیەک کێشەیەکی هەڵگرتنەوە و کۆکردنەوەی زبڵی ماڵانمان نییە."
"ڤیدیۆ و ناونیشانمان بۆ بنێرن، یەکسەر چارەسەری دەکەین"
سەبارەت بە ئەگەری هەبوونی حاڵەتی تایبەت یان پەککەوتنی کاتیی ئۆتۆمبێلەکان لە هەندێک کۆڵاندا، بەرپرسەکەی شارەوانی، ئامادەیی شارەوانیی نیشاندا بۆ چارەسەرکردنی دەستبەجێ و رایگەیاند: "هەر هاونیشتمانییەک لەو گەڕەکە کێشەی هەیە، با ژمارەی تەلەفۆنی خۆی، یان ڤیدیۆ، وێنە و لۆکەیشنی ئەو شوێنەمان بۆ بنێرێت؛ من بە چاوان بەدواداچوونی بۆ دەکەم و یەکسەر ئۆتۆمبێل دەنێرم بۆ ئەوەی بە زووزترین کات چارەسەر بکرێت."