شارەوانیی سلێمانی: عارەبانەکانی سەهۆڵەکە دەرناکەین و دەبێت شوێنیان بگۆڕن


رووداو دیجیتاڵ

شارەوانیی سلێمانی رایدەگەینێنێت، هیچ کاسبکارێک و عارەبانەیەک لە سەهۆڵەکە دەرناکەن، بەڵام ئەگەر پێویست بوو دەبێت عارەبانەکانیان بگوازنەوە. 
 
شەوی 13ی حوزەیرانی 2021، بەشێک لەو کاسبکارانەی لە سەهۆڵەکەی سلێمانی عارەبانەیان هەیە، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان کرد و رایانگەیاند، کە شوێنەکانیان "پێ چۆڵ دەکرێت و کۆشک دەخەنە شوێنەکانیان" کە تایبەتە بە کۆمپانیا، بەڵام شارەوانیی دەڵێت، "دەریان ناکەین."
 
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆری میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە عارەبانەی هیچ کاسبکارێکمان دەرنەکردووە، نەشمانگوتووە چۆڵی بکەن، بەڵکو تەنیا لە کاتاێکدا شارەوانی بۆ کۆمپانیاکە پێویستی بێت، دەبێت شوێنەکەیان بگۆڕن و لە شوێنی ئەواندا کۆشک دابنرێت."
 
گوتەبێژی شارەوانی ئاماژەی بەوەکرد، کە شۆستەکە بە کرێ دراوە بە کۆمپانیایەک و ئەویش کۆشکی تێدا دادەنێت، گوتیشی: شۆستە موڵکی شارەوانییە و ئازادە چۆن بەکاری بهێنێت.
 
ئێستا کۆمپانیاکە سەرقاڵی دانانی کۆشکە و دواتر کۆشکەکان بە کرێ دەدات. وەک زەردەشت رەفیق گوتی: "کۆمپانیاکە ناتوانێت کوێی بوێت کۆشکی تێدا دابنێت، دەبێت ئێمە شوێنی بۆ دیاری بکەین."
 
سەبارەت بە لادانی عارەبانەکان، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی گوتی: "هەر کاتێک کۆمپانیاکە شوێنی عارەبانەیەکی ئێستای بوێت، شارەوانیی ئاگادار دەکاتەوە و شارەوانییش عارەبانەکە لادەبات و لە شوێنیدا کۆشک دادەنێن، عارەبانەکەش دەتوانێت لە شوێنێکی دیکە کاری خۆی بکات".
 
دەنگۆی ئەوە هەیە، هەموو شۆستەکانی بازاڕی سلێمانی بەکرێ بدرێت، زەردەشت رەفیق ئەمەی رەتنەکردەوە و گوتی: "جەردێک دەکرێت و مەرج نییە بۆ ئەوەبێت".
 
سەهۆڵە بەشێکە لە شەقامی سالم لە شاری سلێمانی، ئەو شەقامە بەهۆی بوونی دووکان و عارەبانەی فرۆشتنی خواردن، چاییخانە و کافتریا، ئێواران تا دەمەوبەیان خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن و کاتەکانیان لەوێدا بەسەر دەبەن.