5 کەسی دیکە لە دۆسیەی کوژرانی 9 هاونیشتمانییەکەی ئامەد دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای ئامەد دەڵێت، لە دۆسیەی رووداوی کوشتنی 9 هاونیشتمانییەکەی گوندی سەرچەلەر سەر بە شارۆچکەی بیسمیل، 5 گومانلێکراوی دیکە دەستگیرکران.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی شارۆچکەی بیسمیل لە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی رووداوەکەی گوندی سەرچەلەری سنووری پارێزگای ئامەد بەردەوامە و رۆژی پێنجشەممە و دوای شەڕەکە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ 18 کەس دەرکرد کە دوو کەس لەوان برینداری رووداوەکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای ئامەد ئاماژە بەوە دەکات، رۆژی هەینی 6 کەس لەوان دەستگیرکراون و دوای نیوەڕۆی رۆژی هەینی 5 گومانلێکراوی دیکە دەستگیرکران و بەو جۆرەش ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا پەیوەندیدار بەو شەڕەوە دەستگیرکراون، بووە 11 کەس لەکۆی 18 کەسەکە.
رۆژی پێنجشەممە، 15-6-2023، لە ناوچەی بسمیلێی ئامەد، بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا دروست بوو، لە ئەنجامدا نۆ کەس کوژران و دووی دیکەش بریندار بوون.
عەلی ئیحسان سوو، پارێزگاری ئامەد لەبارەی رووداوەکە بۆ میدیاکان دوا و رایگەیاند، شەڕەکە لەنێوان دوو بنەماڵە لەسەر 200 دۆنم زەوی بووە.