حکومەت کارئاسانی بۆ ئەو هاونیشتمانییانە دەکات لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەت ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پلان و رێکاری نوێی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاونیشتمانییانە راگەیاند کە بەهۆی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە لە دەرەوەی وڵات گیریانخواردووە. بەگوێرەی پلانەکە، هاونیشتمانییان دەتوانن لە رێگەی تورکیاوە و بە وەرگرتنی "ڤیزای ترانزێت" بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا هاتووە، ئەو هاونیشتمانییانەی کە پێشتر ناوی خۆیان تۆمارکردووە یان لە هەر شوێنێکی جیهان گیریانخواردووە، دەتوانن سەردانی نزیکترین باڵیۆزخانە یان کۆنسووڵخانەی تورکیا بکەن لەو وڵاتەی تێیدان بۆ وەرگرتنی ڤیزەی ترانزێتی کە ماوەکەی سێ رۆژە.
بە گوێرەی رێکارەکە، دوای وەرگرتنی ڤیزە، هاونیشتمانییان دەتوانن بگەنە تورکیا و لەوێشەوە بە رێگەی وشکانی و لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ چەند مەرجێکی بۆ سوودمەندبوون لەو "کارئاسانییە" دیاریکردووە، کە بریتین لە:
- پێویستە تکتی گەڕانەوە بۆ تورکیا لەسەر یەکێک لە هێڵە ئاسمانییەکانی تورکیا بێت.
- پێویستە هاونیشتمانی پێش سەردانیکردنی کۆنسووڵخانە، تکتی فڕۆکەکەی بڕیبێت.
- ئەو کەسانەی داوای ڤیزە دەکەن، نابێت ناویان لە لیستی قەدەخەکراوی تورکیا بێت یان پێشینەی نایاساییان لەو وڵاتە هەبێت.
- ئەوانەی هەڵگری پاسپۆرتی وڵاتێکی دیکەن، وەک دۆمۆنیکا، پێویستە پاسپۆرتە عێراقییەکەشیان پێبێت.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا جەختیش دەکاتەوە، کە ئەو "کارئاسانییە کاتییە و تەنیا تاوەکو کردنەوەی ئاسمانی عێراق بەردەوام دەبێت."
لەبارەی ئەو هاووڵاتییانەی کە ئە رێکارە کێشەکانیان چارەسەر ناکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەدات و دەڵێت: "هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و تاوەکو هەر هاونیشتیمانییەک مابێت، ناوەستین و بەردەوام دەبین."
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە کە لە دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل، تیمەکانی پێشوازی ئامادەکراون بۆ پێشوازیکردن لە هاونیشتمانتیان و پێشکێشکردنی هەموو کارئاسانییەک.