حەج و عومرە: تەواوی حاجییانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەگەڕێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوایین کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە بەهۆی داخستنی ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ناچاربوون بە رێگەی وشکانی بگەڕێنەوە، لە سعودیە دەرچوون. گوتەبێژی حەج و عومرە دەڵێت، "ئەمڕۆ هەموویان دەگەنەوە عێراق و بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەون."
دوای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا هەموو حاجییان بە رێگەی وشکانی بگەڕێندرێنەوە.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە چوار هەزار حاجی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وشکانییەوە بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان."
ئەم ساڵ 3490 هاونیشتمانی بۆ حەج بە فڕۆکە چوونە سعودیە و بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و ئێرانەوە دەبێت بە وشکانی بگەڕێنەوە.
ئەو حاجییانەی هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئەمڕۆ نەگەڕاونەتەوە، ژمارەیان زیاتر لە 1000 هاونیشتمانییە. بە گوتەی کاروان ستوونی، هەموویان بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتوون و بەشێکیان گەیشتوونەتە دەروازەی عەرعەر، ئەوانی دیکەش هەر ئەمڕۆ دەگەنە عێراق و بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەون.
بۆ گەڕانەوەی حاجییان رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا سعودیەکان کراوە و بە پاس تاوەکو دەروازەی عەرعەر دەیانهێنن، لەوێشەوە بە پاسی دیکە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەم ساڵ 1667 هاونیشتمانی بە رێگەی وشکانی چوونە حەج؛ ئەوان سەرجەمیان گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان.
16ـی ئایار، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی وشکانییەوە بەرەو سعودیە بەڕێکەوتن و یەکەم گەشتی ئاسمانییش 19ـی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.