ئاگر لە کەمپێکی هەولێر کەوتەوە و 30 کەرەڤانە سووتان
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگر لە کەمپی بەحرکەی پەنابەرانی عێراق لە سنووری هەولێر کەوتەوە. بەرگریی شارستانی هەولێر دەڵێت: "هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو، تەنیا 30 کەرەڤانە سووتان."
رۆژی دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان ئاگرەکە بەهۆی تەباخی چێشتلێنانەوە کەوتووەتەوە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و خەڵکی خۆبەخش ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە."
دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "کاژێر 06:17 لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە کەمپی بەحرکەی پەنابەرانی عێراق لە سنووری هەولێر ئاگادارکراینەوە، راستەوخۆ 20 تیممان گەیشتە شوێنی رووداوەکە و دوای نیو کاژێر توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت."
لەبارەی زیانەکانی ئاگرەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت: "هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو، تەنیا کەسێک بریندار بوو ئەویش گەیێندرایە نەخۆشخانە."
هەزار کەرەڤانە لەو کەمپە هەن، بەڵام ئێستا 125 ماڵ لەوێ دەژین. شاخەوان سەعید گوتی: "30 کەرەڤانە سووتاون، تاوەکو ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیار نەبووە، بۆ لێکۆڵینەوە لیژنەیەک پێکهێنراوە."
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، ئەم ساڵ زیاتر لە 600 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون.