بنەماڵەی عومەری مەکتەبە: ویستێک بۆ داگیرکردنی کتێبخانەکەی هەبوو
رووداو دیجیتاڵ
بنەماڵەی عومەری مەکتەبە لە راگەییندراوێکدا دەڵێن، ئەوان متمانەیان بە کەسانێک کردووە کتێبخانەکەی عومەری مەکتەبە بەڕێوەببەن، بەڵام "ویستوویانە داگیری بکەن."
عومەر عەبدولڕەحمان، یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی شاری سلێمانی بوو، لە ساڵی 1968 کتێبخانەی لە شاری سلێمانی کردەوە، هەربۆیە بە عومەری مەکتەبە ناوبانگی دەرکردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ 16ی تەممووزی 2021 بڵاویان کردووەتەوە هاتووە، چەند رۆژێکە داخستنی مەکتەبەی سلێمانی بووەتە باس و خواستی خەڵکی سلێمانی و زۆرێک لە سایتەکان، بۆ رەتکردنەوەی ئەو "تۆمەت و قسە ناڕەوایانەی بەرامبەرمان دەکرێن، ناچاربووین راستییەکان وەک خۆی بە ھەموو لایەک رابگەیێنین."
لە راگەیێندراوی بنەماڵەی عومەری مەکتەبەدا هاتووە، "ئێمە لە دوای مردنی باوکمانەوە لە خۆشەویستیمان بۆ باوکمان و ھەستکردن بە بەرپرسیارێتیمان لە ھێشتنەوەی ئەو چاوگی رووناکی و رۆشنبیریەی کە عومەری مەکتەبە بە ھیمەت و ھەوڵ و توانای تاکەکەسی خۆی بەدیھێنابوو، بڕیارماندا کە ھەتا بتوانین ھەوڵی ھێشتنەوەی بدەین، ھەربۆیە رەزامەندیمان لەسەر ئەوەدا ئەو ستافەی کە ماوەیەک لەبەردەستی باوکماندا بوون و کەسی نزیک و جێگەی متمانەی باوکمان و ئێمەش بوون لەسەر داوای خۆیان و بە بەڵێنی ئەوەی کە زۆر باش دەتوانن کارەکە بەڕێوەبەرن، ئێمە مەکتەبەکە پڕ لە کتێب بوو لەگەڵ دوو مەخزەنی پڕ لە کتێب کە ھەمووی موڵکی تایبەتی عومەری مەکتەبە بوون، خستمانە بەردەستیان و وەک یەکێک لە خۆمان حسابمان بۆ کردن."
لە بەردەوامیی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بێخەبەر لەوەی کە سەردەمی زێڕینی مەکتەبەی سلێمانی بە مردنی خاوەنەکەی تەواو بووە و بەداخەوە ئەوان خزمایەتی و متمانە و دڵسافی ئێمەیان خراپ بەکارھێنا و کەوتنە شێواندنی مەکتەبە و سەرەڕای زیانێکی زۆری مادی کە ئەو ھەموو کتێبە دیار نەما و تەنانەت بەقسەی خۆیان مەخزەنێک کتێبیان بردووەتە تانجەرۆ لەوێ سوتاندوویانە بێ ئەوەی ئێمە ئاگامان لێبێت، کە ئەوە بۆ کەسێک سەروکاری لەگەڵ کتێبدا ھەبێت جێی تێڕامانە! ماوەی دوو ساڵیش کرێی موڵک و باجی ساڵانەمان گرتە ئەستۆی خۆمان کە ئەبوو ئەوانە لە داھاتی مەکتەبە بدرانایە، سەرەڕای ھەموو ئەمانە ئێمە شانمان دابووە بەری و ھەرچاومان لە ھێشتنەوەی ئەو یادگارییەی باوکمان بوو."
بنەماڵەی عومەری مەکتەبە ئاماژە بەوە دەکەن، "کارەکە لێرەوە شێوەیەکی دیکەی وەرگرت و ئەوەبوو کەوتنە پیلانگێڕی بۆ داگیرکردنی مەکتەبەکە و سڕینەوەی یەکجارەکی ناوی عومەری مەکتەبە و بنەماڵەکەی، تا کار گەیشتە ئەوەی داوایان لە خاوەن موڵک کردبوو کە دووکانەکە بکات بە ناوی ئەوانەوە! سەرەڕای ئەوانە ھەمووی ئێستا مەکتەبە بووە بە شوێنی یاری تاوڵە و سوعبەت و شەڕەجنێو کە بە دڵنیاییەوە زیانی گەورەی بە شکۆ و سومعەی مەکتەبەکە وەک بنکەیەکی رۆشنبیری گەیاندووە، ئیتر لێرەوە نەدەکرا زیاتر قبوڵی بکەین، بۆیە داوامان لێکردن کە مەکتەبەکەمان رادەست بکەنەوە، ئەوەتا ئێستا دایانخستووە و کلیلیشیان رادەستی ئێمە نەکردووە ھەتا ئێمەش وەکو خاوەنی شەرعی مەکتەبەکە بڕیارێکی گونجاوی لێبدەین."
عومەری مەکتەبە لە ساڵی 1942 لە دایکبووە. دوای سەفەرێک بۆ وڵاتی سوێد و دیارنەمانی بۆ چەند رۆژێک، لە رۆژی 3-5-2013 تەرمەکە لە شاری یوتۆبۆری سوێد دۆزرایەوە و دواتر تەرمەکەی گەڕێندرایەوە هەرێمی کوردستان و لە رۆژی 13-6-2013 لە شاری سلێمانی بەخاکسپێردرا.