لە بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، پرسی دیاریکردنی بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمار، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ رێگری لە کاری کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان و سەردانی بایدن بۆ سعودیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی و بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو باسکران.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە کورد دەکات، بەربژێری سەرۆککۆمار یەکلایی بکەنەوە. هاوکات داواش لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات، ئەم هەفتەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، شەوی رابردوو کۆبوونەوەی ئاسایی ژمارە 101ی خۆی کردووە، بەمەبەستی تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پێشهاتی سیاسی، بەتایبەتی بابەتی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار. بڕیاریانداوە کۆبوونەوەکانیان کراوە و بەردەوام بن، بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرۆکوەزیران دیاریبکەن، بەپێی ئەو میکانزمەی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دایناوە.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات لە ماوەی ئەم هەفتەیدا پەرلەمان کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و تەواوکردنی بەرکەوتە دەستوورییەکان. داوا لە لایەنە کوردییەکان-یش دەکەن، گفتوگۆکانیان چڕبکەنەوە و رێکبکەون لەبارەی سەرۆککۆمار، یان میکانزمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان لەپێناو پەلەکردن لە تەواوکردنی پێویستییەکانی حکومەت و راستەوخۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی هەنگاوەکانی بنیادنان و ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاریی و بابەتگی دیکە، کە گەل چاوەڕوانی دەکات".
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی هەینی 15.7.2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "لەگەڵ کۆتاییهاتنی پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانانی پەرلەمان و پشووی جەژنی قوربانی پیرۆز، هەروەها دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی یاسادانان، داوا لە برایان و خوشکان و سەرۆکی لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دەکەم، بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و گفتوگۆکان یەکلایی بکەنەوە بۆ چوون بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بەربژێری خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق هەیە و بە پێویستیشی دەزانێت لە ئەمڕۆوە دانیشتنی جیددی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار لەنێوان پارتی و یەکێتی و تەنانەت چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیی سەروەریش دەستپێبکات.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "لایەنە سیاسییەکان لە عێراق بە پێویستی دەزانن تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بکرێت. پێویستە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو دانیشتنە بکرێت، ئەگەر لایەنە سیاسییەکان رێککەوتن."
هاوکات هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا گوتی: "ئەم هەفتەیە، هەفتەی کۆتایی ململانێ و کۆبوونەوەکان و گفتوگۆکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە، رەنگە بە ئاراستەیەکیش بڕوات بگاتە ئاستی هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، بۆیە گفتوگۆکان لە نێوماڵی شیعە لەم رۆژانە دەبێتە یەکلابکرێتەوە."
گوتیشی: "دووبارە دروستبوونەوەی سێیەکی پەکخەر بە واتای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دێت، بەڵام قورسە سێیەکی پەکخەر دروستبێتەوە، چونکە 73 پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر کشاونەتەوە و ئەوانەی لە جێگەیان هاوتونەتە پەرلەمان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگین."
هەرێم کەمال ئاغا، ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە رژدین لەسەر کاندیدی خۆمان کە د. بەرهەم ساڵحە، پارتیش پێداگری لە بەربژێری خۆی دەکات، هەربۆیە بە دوو تیمی جیاواز لە بەغدا هەریەکە و کار بۆ بەربژێری خۆی دەکات، هیوادارین بتوانین لەم رۆژانەدا لەسەر ئەو پرسە بگەینە رێککەوتن."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێت: "ئەگەر کورد لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش رێکنەکەوێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەنگ بە بەربژێری یەکێتی دەدات."
هەرێم کەمال ئاغا پێیوایە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەیانەوێت یەکێتی و پارتی بەشداربن لە حکومەتدا و هەردووکیان پێکەوە کاریگەرییان زیاتر دەبێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی نایەوێت پارتی و یەکێتی فەرامۆش بکات. ئاماژە بەوەش دەکات: "پێمان باش نییە پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بکشێتەوە، ئەگەریش پارتی بەشداری حکومەت نەکات، یەکێتی بەشداری حکومەت دەکات." جەختی لەوەش کردەوە: "هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی دیارینەکراوە."
د. گۆڤەند شێروانی: حکومەتی ئێستای عێراق کاربەڕێکەرە و ناتوانێت بڕیاربدات
کۆمپانیای یاسایی نێودەوڵەتی (گیبسن دان) کە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی ئەمریکییە لە شرۆڤەیەکدا کە ئەنجامیداوە بۆ کێشەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیا نەوتییە کارکەرەکانی هەرێمی کوردستان، روونیدەکاتەوە کە ئەگەر حکومەتی عێراق سووربێت لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو کۆمپانیانە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوا کۆمپانیا نەوتییەکانی کارکەر لە هەرێمی کوردستان دەتوانن سكاڵا لە دادگە نێودەوڵەتییەکان تۆماربکەن و دەتوانن داوای قەرەبووی دەیان ملیار دۆلار لەعێراق بکەن.
بەپێی ئەو کۆمپانیایە بە لەبەرچاوگرتنی خاڵ و بڕگەکانی نێو دەستووری عێراق و یاسای نەوت و گازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەیسی کۆمپانیا نەوتییە کارکەرەکان لە هەرێمی کوردستان هێندە بەهێزە کە دەتوانن سکاڵاکانیان لە دژی حکومەتی عێراق ببەنەوە و بەوهۆیەشەوە حکومەتی عێراق رووبەڕووی کێشەی گەورەی یاسایی دەبێتەوە و ناچاردەبێت ملیارەها دۆلار وەک قەرەبوو ببژێرێت.
کۆمپانیای گیبسن دان، لە ساڵی 1890 لە ئەمریکا دامەزراوە، 1400 دادوەری هەیە لە 20 وڵاتی جیهاندا لقی هەیە.
کۆمپانیای گیبسن دان لە شرۆڤەکەیدا دەڵێت: "لە هەموو ئەگەرێکدا هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و دەبێت عێراق پابەندی یاساو رێسا نێودەوڵەتییەکان بێت بەتایبەتی وەزارەتی نەوتی عێراق بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی مەترسی بۆ ژینگەی کارکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان دروستبێت کە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا و رێساکانی رێکخراوی کۆنفرانسی ئیسلامییە کە عێراق ئەندامە لەو رێکخراوە و دەبێت پابەند بێت بە گەرەنتیکردنی مافی وەبەرهێنەرە بیانییەکان."
د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕی نەوت و جیۆلۆجیا لە بوولتەنی کاژێر 12:00دا هەروەها گوتی: "ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵیی عێراق دژ بە هەرێمی کوردستان دەریکردووە، نایاساییە و پێچەوانەی ماددەی 121ی دەستووری عێراقە." ئاماژەی بەوەش کرد: "گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە شکستیانهێناوە، هەربۆیە بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی نەوت پەنا بۆ دادگە براوە."
د. گۆڤەند شێروانی باسی لەوەش کرد: "حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتێکی کاربەڕێکەرە و ناتوانێت پرسی نەوت یەکلایی بکاتەوە و بڕیاربدات." هەروەک گوتیشی: "گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر یاسای نێودەوڵەتییە نەک یاسای نێوخۆیی، بۆیە ئەگەر سکاڵا تۆمار بکرێت، ئەستەمە حکومەتی عێراق سەرکەوتوبێت."
سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە لووتکەی جەددە بۆ ئاسایش و پەرەپێدان کۆبوونەوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و بەغدا، پرۆسەی سیاسی وڵات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد.
مستەفا کازمی سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ هاوکارییەکانیان لە رووبەڕووبوونەوەی داعش و رایگەیاند؛ پەیوەندیی عێراق و ئەمریکا ستراتیژیی و دۆستانەیە.
لە لووتکەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا، سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی میسر، شای ئوردن بەشدارن.
عێراق و سعودیە رێککەوتنامەیەکیان واژۆکرد بۆ بەستنەوەی کارەبای عێراق بە تۆڕی کارەبای وڵاتانی کەنداوەوە و سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "عێراق ئاوێتەی ناوچەکە دەکەین و پشتبەستنی ئەو وڵاتە بە ئێران کەمدەکەینەوە، عێراق پێویستی بە نزیکەی 34 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە بۆئەوەی 24 کاژێر کارەبا بداتە هاووڵاتییان. ئێستا نزیکەی 21 هەزار کارەبا دابین دەکات و نزیکەی 13 هەزار کورتهێنانی هەیە."
سەرۆکی ئەمریکا هەرچەندە رەخنەی زۆری لێدەگیرێت سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ سعودیە، بەڵام جۆ بایدن رایگەیاندووە ئامانجی لەسەردانەکەی لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئابووری ئەمریکایە.
خالد فالح، وەزیری وەبەرهێنانی سعودیە لە کاتی واژۆکردنی گرێبەستەکان رایگەیاند؛ سعودیە و ئەمریکا پێکەوە هەنگاوی گرینگیان هاوێشتووە بۆ توندتوڵکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان.