سەعدی ئەحمەد پیرە: دەبێت هەوڵ بدرێت یەکێتی و پارتی بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردن بن


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لێکنزیکبوونەوەی حیزبەکەی و پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە پێویست دەزانێت و باس لەوەش دەکات، پەیوەندی و کۆبوونەکانیان بەردەوام دەبێت. 
 
رۆژی یەکشەممە 16-07-2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، دەبێت هەوڵ بدرێت یەکێتی و پارتی بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن و گوێ بە لێدوانی ''نەشیاو'' و ناکۆکییەکانی نێوانیان نەدەن.
 
دوایین ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی دوای ئەوەی دێت، کە بافڵ تاڵەبانی و شاندی یەکێتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان 9-7-2023 چوونە پیرمام، ئەجێندای کۆبوونەوەکەشیان نزیکبوونەوە و رێککەوتن بوو لەسەر لیستێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق.
 
سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، هەمان رۆژی کۆبوونەوەکە، میوانی بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند "یەکێتی نە قەوارەی وەک جاران ماوە، نە کیانەکەی لە رووی سیاسییەوە، نە قەبارەی وەک جاران و نە دەنگی"، ئەم گوتانەش بافڵ تاڵەبانیان توڕە کرد و بەئاشکرا بە پارتی گوت "چیدیکە بێدەنگ نابین و قبووڵی ناکەین." 
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: ''ئەم کۆبوونەوەیە نەدەبووایە وای لێبێت.. دەبووایە رێگە نەدرێت، کەمال کەرکووکی و سالار عوسمان ئەو قسانە بکەن.''
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە، "پارتی سەرکردایەتییەکی بەهێزی هەیە و سالار عوسمان ناتوانێت بەبێ هاوئاهەنگی و رەزامەندیی ئۆرگانەکانی سەرووی خۆی، لە بابەتێکی هەستیاری لەم شێوەیەدا باسی هێزی دووەمی هەرێمی کوردستان و هاوبەشی پارتی لە دەسەڵات بکات، هیچ کەس باوەڕ بەمە ناکات." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 
 
رووداو: لە ماوەی رابردوودا زۆر باسی ئەم بابەتە کراوە کە زیندانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئێوەش لە کۆبوونەوەی رێکخراوێک لە ئیسپانیا ئەمەت رەتکردەوە، ئەم کۆبوونەوەیە چی بوو و باسی چیتان کرد؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەم کۆبوونەوەیە هەر ساڵێک دوو جار هەیە و هەر جارێک کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی ئەم لایەنە سیاسییەیە کە پێیدەگوترێت بەرەی پێشکەوتنخواز و سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ، کە سەرجەم رێکخراوەکانی سۆسیالیست-دیموکرات و سۆسیال دیموکراتی جیهان تێیدا بەشدارن؛ یان بە ئەندامی تەواو عەیار، یان بە چاودێر، یان پاڵێوراو. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەندامی تەواو عەیارە و بۆیە نوێنەرایەتی هەیە لە سەرکردایەتی لە بۆردی ئەم  لایەنە سیاسییە.
 
ئەم کۆبوونەوەی ئێستا، کۆبوونەوەی ناوەندی ساڵ بوو کە کۆبوونەوەیەکی لە کۆتایی ساڵیش دەبێت، لەم کۆبوونەوەیەدا باسی زۆر بابەت کران، لەوانە ئەم کێشانەی کە لە جیهاندا هەن و ئەو گۆڕانکارییانەی لە نێو رێکخراوەکە هەن، [کێ] دەستلەکار دەکێشێتەوە و هی دیکە پێشکێش دەکرێت؛ رێکخەری رێکخراوەکە پێشتر بەڕێز کۆنیرۆیتەر بوو، کە ئەندامێکی سەرکردایەتیی (SPD)ـی ئەڵمانیا بوو کە خۆی کشاندەوە و ئێستا کچێکی فلیپینی بە ناوی ماری بووەتە رێکخەر، ئەوە یەکەم جاریشە ژنێک دەبێتە رێکخەر کە ئاسیاییە نەک ئەوروپی، ئەمەش پشتڕاستکەرەوەیەکی باش بوو بۆ ئەوەی کە ئەم رێکخراوە رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە نەک ئەوروپی. منیش لەو کۆبوونەوانە لە هەمووی بەشداری دەکەم و لە کۆبوونەوەی ئەم جارەشدا بەشداریم کرد و زۆر بابەتی تێدا بوو، بەڵام لەو بابەتانەی کە گرنگن بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، من کاتم وەرگرت کە قسەیەک لەسەر بارودۆخی خۆمان لە عێراق بکەم.
 
رووداو: ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە پارتە کوردستانییەکان تێیدا ئەندامن، ئاگاداری کێشەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا یان کێشەی یەکێتی و پارتین؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: لەوانەی بەشداری دەکەن پێدرۆ سانشێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا کە ئێستا سەرۆکی سۆشیال ئینتەرنەشناڵە، واتە لە هەموو دەزگای دەوڵەت زانیاری کۆدەکاتەوە، سەرۆکی حیزبەکانی سۆشیال دیموکراتی ئەوروپا کە ستیڤن لۆڤینە کە ماوەیەک لەمەوپێش سەرۆکوەزیرانی سوید بوو، هەروەها جێگری سەرۆکی حیزبی SPDـی ئەڵمانیا (سۆشیال دیموکرات) بەشدارە، وەزیرێکی (عالی جەناب)ـی نەمسا بەشدارە و رۆیاڵ کە یەکێک لە ژنە ناودارەکانی بەریتانیایە، فەڕەنسییەکان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی مەغریب، سەرۆکی فەلەستین و بەشی زۆری وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بەشدارن، کە هەموویان لە کاروباری حکومەتدا دەستیان هەیە، بەتایبەتی لە 53  یان 56 وڵات ئەوانەی بەشدارن دەسەڵاتدارن، بۆیە زانیاریی زۆر تەواویان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و زۆر خۆشحاڵیشن هەموو جارێک زانیارییەکانیان نوێ بکرێتەوە لە رێگەی کەسێک، کە نوێنەرایەتی ئەم هەرێمە بکات.
 
رووداو: بەشێک لە قسەکانتان لە رووداو بڵاوکرایەوە کە دەڵێن زیندانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵام لەماوەی رابردوودا چەند جارێک ئەم بابەتە باس کراوە کە زیندانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەیە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: من دەزانم ئەوە کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتی بووە و منیش عادەتم نییە بڕۆم و باسی وڵاتی خۆم بکەم و لەهەمانکاتیشدا ئەوانەی کە گیراون، لە یوتیوب، لە سۆشیال میدیای کەسێک جنێوێكی داوە و بەگشتی برادەرانی پارتی بەو شتانە زۆر سەخڵەت دەبن و کار دەکەن، ئەوانەی کە گیرابن ئەوە کارێکی خراپە، رۆژنامەنووسان، چالاکڤانانی مەدەنی جاروبار دەگیرێن، بەڵام کە ئێمە باسی زیندانیی سیاسی دەکەین، باسی ئەوانەیە کە حوکم دەدرێن، کە حوکم دراون، واتە ئەوانەی کە ماوەیەک دەمێننەوە، ئەوە کارێکی خراپە و باش نییە و ئێمە کاتی خۆی گوتوومانە ئەمە بۆ گەورەیی شکۆی هەرێمی کوردستان خراپە، بەڵام لە کۆبوونەوەیەکی لەم بابەتەدا پێت باشە من ئەو شتانە بڵێم؟
 
لە دوای سەدام حوسێن لە عێراق ئێمە لە بەندیخانەکان لەسەر گەندەڵی خەڵکمان هەیە، لەسەر تۆقاندن خەڵکمان هەیە، پاشماوەی رژێمی سەدام حوسێنیش خەڵک هەیە کە وەکو تاوانبار لە زیندانن، ئەوەی دیکە دەستدرێژییەک دەکرێت، دامودەزگایەکی حیزبی یان حیزبی نێو حکومی وەکو ئەوەی لە دهۆک جاروبار روودەدات، کارێکی لەو بابەتە دەکرێت، کە ناکرێت من بچم لەوێ بیکەمە بابەت.
 
رووداو: مادام باسی پارتیت کرد، پەیوەندییەکانی ئێستای پارتی و یەکێتی چۆنە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: من قسە لەسەر هەر کەسێک یان لایەنێک بکەم لای من سانسۆڕی لەسەر نییە و بە دڵی خۆم قسە دەکەم، ئەم کۆبوونەوەیە نەدەبووایە وای لێبێت و مادام کۆبوونەوە هەبوو لە پیرمام، 300 مەتر لە کاک مەسعود دوور بوو، 300 مەتر لە نێچیرڤان دوور بوو، دەبووایە رێگە نەدرێت، کەمال کەرکووکی و سالار عوسمان ئەو قسانە بکەن، ئەو قسانە بێ مانان و ناکرێ و هیچ کەسیش باوەڕ ناکات قسەکانی سالار عوسمان لەسەر چاوم، کە دەڵێت رای خۆمە، بەڵام کەس بڕوای پێ ناکات، چونکە پارتی وەکو رێکخراوەکانی دیکە نییە، ئەوەی کە مەرکەزییەتێکی بەهێزیان هەیە، سالار عوسمان لەسەر بابەتێکی هەستیاری لەمشێوەیە بەبێ رەزامەندی دەزگاکانی باڵا باسی هێزی دووەمی هەرێمی کوردستان بکات، کە لە دەسەڵاتدا هاوبەشی پارتییە، واتە شتی وانییە و کەس بڕوای پێ ناکات و بەخۆڕایی خۆی هیلاک دەکات؛ من پێموایە ئەمە کارێکی خراپە و کارێکی خراپیان کرد، دەبووایە ئەو رێگەیە نەدەن، بەتایبەتی ئەگەر برادەرانی پارتی نیازیشیان هەیە جنێو بە یەکێتی بدەن، با خۆیان جنیوەکە بدەن، خەڵکی دیکە رانەسپێرن لەملا و لەولا. 
 
رووداو: چەند سەرکردەیەکی پارتیی دەڵێن ئەم بابەتە بیانوو بوو ئەگەرنا مەبەست لێکنزیکبوونەوە بێت، نابێ لێدوانێک کاریگەری لەسەر دۆخەکە دابنێت.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: کاک سەنگەر تۆ ئەندامی شاندی هیچ لایەنێک نەبووی، بەڵام زۆر هەوڵت دا کاک سالار رابگریت، تا ئەو رادەیە نەڕوات، من خوێندنەوەم بۆ کرد، زۆر هەوڵت دا کە ئەمە نەڵێت، بەڵام هەر گوتی و من پێموایە ئەمە کارێکی باش نەبوو، بە هەر حاڵ، من پێموایە پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی زۆر بەرز و نزمی لەوە خراپتریشی بەخۆیەوە بینیوە، راستە ئەمە حەق بوو ئەو کات لەو دۆخەدا بافڵ توورە بێت، چونکە ئەمە بێڕیزییەکی بێ مانا بوو، لە کاتێکدا ئێمە لە کۆبوونەوەدا بووین و دەست بە قسە و ئەم بابەتانە دەکرا ئەوە کارێکی خراپە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر قسەکانی کاک بافڵ لە دوای ئەوەش گوێتان لێ راگرتبێت هەمووکات باسی ئەوە دەکات جگە لە رێککەوتن ئێمە هیچ جێگرەوەیەکی دیکەمان نییە، بۆیە ئەم بابەتانە پێویستە هەموو لایەکمان بەتایبەتی جەنابی کاک مەسعودیش رێگە نەدات ئەم جۆرە شتانە رووبدات، چونکە نێو یەکێتیی نیشتمانی وایە، کادیر و جەماوەری یەکێتی لەم بابەتانە رق هەڵدەگرن، گوشار دێنن بۆ سەرکردایەتی و قسە قسە رادەکێشیت، ئەوەی باوکی خۆی خۆش بوێت جنێو بە باوکی خەڵکی نادات، ئەمانە هەمووی گرنگن بزانین.
 
رووداو: پارتی گلەیی لەوە هەیە کێشەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان پێویست ناکات لە دەرەوە و لە چاتام هاوس باس بکرێن.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: من پێشتریش باسی ئەوەم کرد، ئەگەر لە پەرلەمانی کوردستان (تەفزیلی) مۆنا قاوەچی بەسەر یەکێتیدا بکەیت و یەکێتی ناچار بکەیت لە رێگەی بە ناو نوێنەرێکی پێکهاتەکان، زۆر ئاساییە یەکێتیش هەوڵی ئەوە بدات لە رێگەی یەکێکی دیکەوە ئازاری ئێوە بدات، من پێموایە پێویستە بەو جۆرە باسی نەکەین ئەم بابەتە، هەتا [ئەو کاتەی] ئێمە رێکنەکەوین لەسەر رێزگرتن لە ئیرادەی یەکدی. 
 
ئەوەی سالار عوسمان و کەمال کەرکووکی لەوە خراپتر بوو، ئەوان باسی ئەوە دەکەن کە یەکێتی نەماوە، پارتییە دەیەوێت لە رێگەی خودادا روحم و خێری پێبکات، شتی وا چۆن قبووڵ دەکرێت، کێ شتی وا قبووڵ دەکات.
 
رووداو: ئێستا هیچ هەوڵێک هەیە بۆ کۆبوونەوە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: پەیوەندی بەردەوامە، خۆ پارتی تەنیا کەمال کەرکووکی و سالار عوسمان نین.
 
رووداو: مەبەستم پەیوەندی بۆ کۆبوونەوەیەکی دیکەیە.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: بێگومان ئەو جۆرە پەیوەندییانە هەر دەمێنن، من خۆم لێرە نەبوومە و شەوی رابردوو هاتوومەتەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە یەکێتی لەم بابەتانەدا بەرپرسیارێتی هەیە. لە هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتی هەردوولامانە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کێشەی هاووڵاتییان، پێیوستە هەموولایەکمان بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکەین، چۆن دەبێت پەیوەندی نەبێت. لە وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی نێوخۆ و لە بابەتەکانی دیکە بەردەوام لە پەیوەندی داین.
 
رووداو: لە وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەندیتان زۆر خراپ نییە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: خراپ نییە، پەیوەندیی خراپ لە نێوان کەسەکانە، هەندێکیان هەر بەو شێوەیە بیر دەکەنەوە کە لەلایەک داوای یەکگرتنەوەی هێزەکان دەکەن، لەلایەکی دیکە دەیانەوێت یەکێتی وەکو ئەوەی سالار عوسمان دەڵێت، بەو جۆرە مامەڵە بکەن، ئەوە خراپە، من پێموایە سەرۆکی ئەرکان پیاوێکە پێویستە لەو بابەتە کەمێک بوەستێت و بیر بکاتەوە ،کە چۆن هێزەکانی خۆی رێکبخاتەوە.
 
رووداو: ئێستا کێشەی یەکێتی و پارتی لەسەر چییە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: من لە کۆبوونەوەکە نەبوومە، نازانم.
 
رووداو: نا بەشێوەیەکی گشتی.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: مەسەلەی فرە بازنەیی گرنگە هەبێت و مەسەلەی کۆتاکانیش بەو شێوەیەی کە هەیە، هەر وەک ئەو بابەتەی کە دووبارە بووەوە لە پەرلەمانی کوردستان، نامانەوێت ئێمە ببینە دیلی یەکێک کە بە شێوەیەکی گوێڕایەڵ (ئیستناعی) لەدایک دەبێت و دەبێتە سکرتێری (مقرب) پەرلەمان ئێمە شتی وامان ناوێت.
 
رووداو: لە پارێزگا کێشەلەسەرەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا هیچ هەوڵێک هەیە بۆ یەک لیستی؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: من پێموایە کەرکووک زۆر هەستیارترە، لەوەی کە بۆ ئەم لێدوانانە وەلا بنرێت کە هەندێک جار لە کەرکووک دەدرێت، ئەگەر ئێمە خەمی کەرکووکمانە، ئەگەر نیگەرانین بۆ کەرکووک، پێویستە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان و دۆستەکانیشیان بە یەک لیست دابەزن و هەوڵی ئەوە بدەن گوێ لەو قسانە رانەگرن، کە لە ململانێی ناهاوسەنگ و نەشیاوی نێوان لایەنەکان هەیە.
 
رووداو: زۆر جار پارتی و یەکێتی لەسەر بابەتەکانی دیکە رێکدەکەون، بەڵام هەموو کات لە کەرکووک ناکۆکییەکی تووند هەیە، بۆچی وایە؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەم پرسیارەی لە کەمال کەرکووکی بپرسی باشترە، ئەو رەنگە وەڵامی بداتەوە.
 
رووداو: حەز دەکەم لە جەنابتی بپرسم.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئەو هاوڕێی منە، من دەزانم ئەو پشکێکی گەورەی هەیە لەم دۆخە، من پێموایە هەم ئەویش و هەم کاک شاخەوانیش لە بەغدا و محەممەد کەمال دەوری باش ببینن زۆر باشە و لەلای ئێمەش کاک ئاسۆ بێگومان دەسەڵاتی هەیە و دەتوانێت و دەوری باشیش دەبینێت، برایانی دیکەی کەرکووکی وەک کاک رەفعەت، کاک رزگار، برایانی دیکە، سەرجەم هەوڵی ئەوە دەدەن و من پێموایە کاک بافڵیش زۆر بەلایەوە گرنگە و کار بۆ ئەوە دەکات کە هەموو لایەنەکان رێگەیەک بدۆزنەوە کە پێکەوە داببەزن، ئێمە زۆر قسەمان گوێ لێ دەبێت لەلایەنە جیاجیاکان و نادۆست لەسەر کێشەکانی کەرکووک، لەهەمانکاتیشدا نەیارەکانمان خەریکن وردە وردە یەکدەگرن؛ ئێمە ئەوە دەزانین ئەم حیکایەتانەی کە لە رابردوودا هەبووە هەندێک جار رەهەندی سیاسی هەیە.
 
ئەم دووبارەکردنەوەی 16ـی ئۆکتۆبەر، 16ـی ئۆکتۆبەر چی بووە؟ بەرهەمی رێفراندۆمێکە کە هەموومان لێی بەرپرسین، یانی ئەگەر 16ـی ئۆکتۆبەر نەبووایە برادەرانی ئەولا هەموو ناوچەکەیان ساف دەکرد؟ ئەو قسانە چین؟ من پێموایە ئێمەش ژمارە دەزانین و دەشزانین دۆخەکە چۆن بوو و زۆرجاریش باسمان کردووە. من پێموایە باشترە داهاتوو قوربانیی رابردوویەکی بێمانا نەکەین.
 
رووداو: ئەگەر لەگەڵ پارتی رێکنەکەوتن، لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بە یەک لیست دادەبەزن؟ 
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: بێگومان ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە کە رێککەوتن نەبێت، چونکە ئەوکات پارتی نایات کار بۆ ئەوە بکات کەرکووک ساخ بکاتەوە، کەمال کەرکووکی هەموو توانای خۆی خەرج دەکات بۆ ئەوەی یەکێتی دەنگ نەهێنێت، واتە کورد هیچ نەهێنێت، ئەوە کارێکی زۆر خراپە و من پێموایە یەکێتی زۆر گوێ رانەگرێت لەوەی کە پارتی ئازاری یەکێتی دەدات یان نا، بەرپرسیارێتیی یەکێتی بەرامبەر کەرکووک ئەوەیە گوێ لە قسەی کەمال کەرکووکی رانەگرێت، بەڵکو هەوڵی ئەوە بدات یەکێتی و پارتی بەیەکەوە داببەزن. 
 
رووداو: بۆ ئەوەندە باسی کەمال کەرکووکی دەکەیت؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: لەبەر ئەوەی برادەری خۆمە و دەزانم رۆڵی باشی نەبوو، دەوری باش نییە و هەوڵی ئەوە دەدات بەردەوام کێشەیەک لە نێوان یەکێتی و پارتی لە کەرکووک دروست بکات، من نازانم ئەو بەڵێنی لە کێ وەرگرتووە کە دەتوانێت بە تەنیا ئەم دۆخە چارەسەر بکات.
 
رووداو: باسی لیستی جیا دەکرێت لە یەکێتیدا وەکو لاهور شێخ جەنگی و د. بەرهەم ساڵح؛ ئەگەر لیستی جیا هەبێت ئێوە چی دەکەن؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: ئاگام لە هیچ شتێکی وا نییە.
 
رووداو: لاهور شێخ جەنگی بە فەرمی پڕۆژەی راگەیاندووە بۆ ئەم بابەتە.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: من پڕۆژەکەشم نەبینیوە و ئاگاداری ئەم دۆخەش نیم.