دژە تیرۆری کوردستان: هێرش کرایە سەر سێ کێڵگەی نەوتی لە زاخۆ و دهۆک

رووداو دیجیتاڵ
 
دژە تیرۆری کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر سێ کێڵگەی نەوتی لە سنووری زاخۆ و دهۆک.
 
دژە تیرۆری کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، 16-7-2025 لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بەگوێرەی زانیارییەکانی دژە تیرۆری کوردستان، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاژێرەکانی 6:00 و 6:15، لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتیی DNO لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ".
 
هەروەها دەشڵێت، "لە کاژێر 7:00 لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتیی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ".
 
بەپێی زانیارییەکانی دژە تیرۆر، "جگە لە زیانی مادیی کە بەر کێڵگەکان کەوتوون، هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە".
 
دژە تیرۆر ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە کاژێر 7:14، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هەنت ئۆیلی ئەمریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتەوە".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 15 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان.
 
بەپێی بەدواداچوونەکە، سێ هێرش بە چوار درۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر کراون؛ سلێمانی بە پێنج درۆن، چوار هێرش کراون؛ لە دهۆک سێ هێرشی درۆنی کراوە؛ لە کەرکووک سێ هێرش هەبووە کە دووانیان درۆن و ئەوی دیکەش بە مووشەک بووە و لە زاخۆش دوو هێرش بە سێ درۆن کراون.