لەم مانگەدا پێنج جار هێرش کراوەتە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان

رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 15 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان. بەپێی بەدواداچوونەکە، پێنج لەو هێرشانەی کراون، بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون.
 
ئێوارەی رۆژی 14ی تەممووزی 2025، كاژێر 8:20 و 8:25 لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرش كرایە سەر كێڵگەی نەوتیی خوورمەڵە لە پارێزگای هەولێر. کە بە گوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، "هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی بە بۆرییەکانی ئاوی وێستگەکە گەیاندووە."
 
رۆژێک دواتر و سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە، 15ی تەممووز، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، بەهۆیەوە کۆمپانیای HKN ـی ئەمریکی کە لە کێڵگەکەدا کار دەکەن بەرهەمهێنانی نەوتیان راگرت. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، "هێرشەکە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە."
 
بەیانیی ئەمڕۆش، سێ هێرش کرایە سەر سێ کێڵگەی نەوتیی لە زاخۆ و دهۆک.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی دژەتیرۆری کوردستان، "لە کاژێرەکانی 6:00 و 6:15 لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتیی DNO لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ."
 
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "لە کاژێر 7:00 لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتیی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ."
 
بەپێی راگەیێندراوی سامانە سرووشتییەکان، هەرچەندە هێرشەکان زیانی گیانیان لێنەکەوتووەتەوە، "بەڵام زیانێکی زۆریان لە ژێرخانی کێڵگەکان داوە."
 
جارێکی دیکە و بە گوێرەی دژە تیرۆر، "لە کاژێر 7:14 لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هەنت ئۆیڵی ئەمریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتەوە."
 
شانەی ئەمنیی عێراق 14ـی تەممووز لەبارەی هێرشەکەی خوورمەڵەوە رایگەیاند، "هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و هەواڵگری لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەم دەستدرێژییە".
 
دوێنێش سەباح نوعمان، گوتەبێژی محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "دوو کێڵگەی نەوت لە هەرێمی کوردستانی عێراق بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کرایەسەر، ئەمەش هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی عێراقییەکان و دەستدرێژییە بۆ سەر هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و سەرخستنی کاروانی گەشەپێدان."
 
گوتەبێژەکەی سوودانی دەڵێت، "سرووشتی ئەم کارە تاوانکارییانە و کاتەکەی، ئاماژەن بۆ بوونی نیازێکی خراپەکارانە، کە ئامانجی تێکەڵکردنی کارتەکان و زیانگەیاندنە بە عێراق و دامەزراوە گرنگەکانی."