بە درۆن هێرش کرایەوە سەر کێڵگەی نەوتی شێخان
رووداو دیجیتاڵ
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، جارێکی دیکە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایەوە سەر کێڵگەی نەوتی شێخان، کە کۆمپانیای هەنت ئۆیڵی ئەمریکی کاری تێدا دەکات. سەرچاوەیەک لە قایمقامی شێخان رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زەرەرێکی گیانی نەبووە، بەڵام زەرەری مادی زۆری هەبووە.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە کاژێر 07:10 جارێکی دیکە لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هەنت ئۆیڵی ئەمریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە".
هاوکات سەرچاوەیەک لە قایمقامی شێخان دەڵێت، "ئەمڕۆ بۆ دووەمین جار کێڵگەکەی کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ بۆردومانکرا، بەیانی کاژێر 07:14 کۆمپانیای هەنت ئۆیڵ بۆردوومانکرا، ئێوارەش کاژێر 07:10 جارێکی دیکە بۆردوومانکرا".