5 هەزار پەنابەری رۆژئاوا هاتنە ناو هەرێمی كوردستان
رووداو – هەولێر
5 هەزار پەنابەری رۆژئاوای كوردستان لە رێگەی دەروازەی سنووریی پێشخابوور هاتنە نێو هەرێمی كوردستانەوە.
پێشتر جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆماجڤاكێن كوردستان رایگەیاندبوو كە سنووری هەرێمی كوردستان بە رووی رۆژئاوا داخراوە، دوێنێش 15-8-2013 لە بەیاننامەیەكدا رێكخراوی سكاڵاو چاودێریی،كە بەمەبەستی دڵنیابوون لە داخستن یان دانەخستنی سنوور بە رووی رۆژئاوادا، سەردانی خاڵی سنووریی پێشخابوریان كردووە رایگەیاند "خاڵی سنووری پێشخابور بە رووی رۆژئاوادا داخراوە و زیاتر لە 3000 هەزار كوردی رۆژئاوا لە چاوەڕوانی هاتنە ناوەوەی هەرێمی كوردستانن.
بەڵام لە لێدوانێكی پێشتردا شەوكەت بەربوهاری، بەڕێوەبەری خاڵی سنووری پێشخابوور بە (رووداو)ی راگەیاند: "16/1/2013 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا دەروازەی سنووری پێشخابوور بەرووی رۆژئاوای كوردستان بكرێتەوە، بۆ ئەوەی چەند دەتوانرێ هاوكاریی كوردانی رۆژئاوا بكرێت و لەو بەروارەشەوە ئەو سنوورە بۆ كاژێرێكیش دانەخراوە".
بەربوهاری ئاماژەی بەوەش دا، كە بەر لە بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری پێشخابوور، هیچ دەروازەیەكی دیكەی سنووری بەڕووی كوردەكانی خۆرئاوای كوردستان نەكرابوونەوە، "چونكە لە 10/4/2004 رژێمی سووریا ئەو دەروازەیەی لە لای خۆیەوە داخستبوو".
دوای گەیشتنی ئەو 5 هەزار پەنابەرەی رۆژئاوای كوردستان بە هەرێمی كوردستان، لەلایەن حكومەتەوە بە پاس لە خاڵی سنووری پێشخابور گواسترانەوە ناوچەی كەورگۆسك و بڕیارە لە كەمپی دارەشەكران لە قەزای رزگاری شاری هەولێر نیشتەجێ بكرێن.