پارتی لە کۆنگرەی 14 چی دەگۆڕێت؟
رەنجە جەمال و ناسر عەلی
رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان 10 ساڵە کۆنگرەی نەبەستووە، لە کاتێکدا بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەکە دەبێت چوار ساڵ جارێک کۆنگرە ببەستێت، بەڵام شەڕی داعش و قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان رێگربوون. پارتی پێشنیازی ئۆرگانەکان و کادیرانی پێشکەوتووی حیزبەکەی وەرگرتووە، بۆ گۆڕانکارییەکان لە پەیڕەو و پڕۆگرامی و میکانیزمی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە.
سەرەتای ئەمساڵ سەرکردایەتیی پارتی بڕیاریدا ساڵی 2020 کۆنگرەی 14 ببەسترێت، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆرۆنا رێگربووە. چنار سەعد عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەنجامدانی کۆنگرە زۆر پەیوەستە بەوەی کەی دۆخێکی تەندروست دێتە ئاراوە بۆ ئەوەی کۆنگرە ئەنجامبدرێت، بۆیە لەمساڵدا قورسە ئەم هەنگاوە بنێین".
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی، چاوەڕوانن بۆ ئەوەی "لە سەرەتای ساڵی داهاتوو یان ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەرفەت گونجاوبێت بۆ ئەوەی کۆنگرەکە ببەستین".
بڕیارە لە کۆنگرەکەدا پرۆگرامی پارتی گۆڕانکاری تێدابکرێت لەوانە: گۆڕانکارییە نێوخۆییەکان لەژێر رۆشنایی بیرکردنەوە و تێڕوانینی تازەی خەڵک و پێکهاتەی نوێی حیزبەکانی دیکە، پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق، رێکخستنەوە و پتەوکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەگوێرەی گۆڕانکارییە هەرێمی و جیهانییەکان.
هەروەها لە پەیڕەوەکەیدا پەیکەری رێکخراوەیی حیزبەکە گۆڕانکاری تێدادەکرێت، بەتایبەتی پێشنیازی جیاواز لەسەر ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە پارێزگاکان کراوە، پێشنیازێک پێیوایە لە دهۆک و نەینەوا ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بکرێنەوە، پێشنیازێک دەڵێت، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارێزگاکان نەمێنن.
عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، هەموو حیزبێکی سیاسی کە کۆنگرە دەبەستێت، بەدڵنیاییەوە رەچاوی هەلومەرجە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەکات، "لەسەر ئاستی ناوخۆ، عێراق و تەنانەت هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش، پارتی حیزبێکی بەرپرسیارە، بەرپرسیاری ئەو قۆناخەش بەشی زۆری لەسەر شانی پارتی دیموکراتی کوردستانە".
لەبارەی گۆڕانکارییەکانیش دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە گۆڕانکاری دەبێت، هەوڵیش دەدەین گۆڕانکاری نەوعی بێ، لەسەر ئاستی سەرکردایەتی خوێنی نوێ بێنە پێشەوە کە پێویستن".
عەلی تەتەر: کۆنگرەی پارتی لە دهۆک بەڕێوەدەچێت
پارتی دیموکراتی کوردستان 90%ـی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە تەواوکردووە، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ئەندامی لیژنەی باڵای ئامادەکاریی کۆنگرەی پارتی بە رووداوی گوت، ئەگەر دۆخی کۆرۆنا باشتر بێت، ئەمساڵ کۆنگرە دەبەستن. "بڕیاریش دراوە کە لە دهۆک بەڕێوەبچێت".
پارتی بە ئەنجامدانی کۆنگرە دەیەوێت هەمیشە وەک حیزبی یەکەم بمێنێتەوە، ئێستا پارتی بەدەر لە هاوپەیمانێتییەکان، وەک حیزب زۆرینەیە لە ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، 45 کورسی پەرلەمانی کوردستان و 25 کورسی پەرلەمانی عێراق ئەندامانی ئەو حیزبە پڕیانکردووەتەوە.
یەکەم کۆنگرەی پارتی لە 16ـی ئابی 1946، به نهێنی له شاری بهغدا، له خانووەکەی ماڵی سهعید فههیم بهسترا، تاوەکو ئێستاش 13 کۆنگرەی بەستووە. پارتی یەکێکە لە حیزبە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. ئەمڕۆ 74 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تێدەپەڕێت. ئەمە بەشێکە لە تێڕوانینی هاونیشتمانیانە بۆ ئەو حیزبە:
پارتی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە هێزی پێنجەمە. ئەمە رای بەشێک لە هاونیشتمانیانە سەبارەت بە پرسیاری ئایا هەست بە رێگری و جیاکاری دەکەیت لەلایەن حیزب و حکومەتەوە؟
خەڵکی دهۆک داواکارییان چییە لە پارتی و پێیان وایە دەبێت پارتی چی بۆ دهۆک بکات؟