شاخەوان عەبدوڵڵا: تێکدان و رووخاندنی حەوزەکانی ماسی لە سنووری کەرکووک راگیراوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تێکدان و رووخاندنی حەوزەکانی ماسی لە سنووری پارێزگای کەرکووک راگیراوە و کار بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتەکانیان دەکرێت.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی، دوای ئەوەی بڕیاردرا ئەمڕۆ چوارشەممە حەوزەکانی ماسی لە داقووق و دەوروبەری بڕووخێن، ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیاری سەرۆکوەزیران بۆ تێکدانی سەرجەم حەوزەکانی عێراق، "پەیوەندیم بە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراقەوە کرد و وەزارەت بڕیاریدا پرۆسەی رووخاندنی حەوزەکانی کەرکووک رابگیرێت."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "کاردەکەین بۆ ئەوەی مۆڵەتی بەردەوامی ئەو خاوەن حەوزانە بۆ چەند مانگێک درێژبکەینەوە تا بەرهەمیان یەکلایی دەکەنەوە."
قەزای داقووق نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە باشووری کەرکووکەوە دوورە، بەشێکی زۆری دانیشتووانەکەی بژێوییان لەسەر بەخێوکردنی ماسییە و ناوچەکە بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی دابینکردنی ماسی دادەنرێت.
زیاتر لە 2000 حەوزی ماسی لە سنووری قەزاکەدا هەن، پێشتر ژمارەیەک حەوزی ماسی تێکدران و بەتاڵکران لە ئاو. هەڵمەتەکە بە هاوبەشیی هێزە ئەمنییەکان و نوێنەرانی وەزارەتەکانی سەرچاوەکانی ئاو، کشتوکاڵ و کارەبا بەڕێوەدەچوو.
تێچووی هەر حەوزێکی ماسی 45 بۆ 50 ملیۆن دینارە.
مەیسەم عەلی خزەیر، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ژێر زەوی و سەرۆکی ژووری ئۆپەراسیۆنی کەمئاوی لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، لەسەر راسپاردەی وەزیری سەرچاوەکانی ئاو و بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی تێکدەدەن کە "بە شێوەیەکی نایاسایی دروستکراون و پشتیان بە ئاوی سەر زەوی بەستووە."