جێگری پارێزگار: نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە وەکو خۆی دەمێنێتەوە کە قەزایەک و چوار ناحیەیە


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە لە قەزای ناوەندیی هەڵەبجە و چوار ناحیەی پێکدێت و بێ دەستکاریکردن نەخشەکەیان رەوانەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە بۆ ئەوەی بۆ پەسندکردن بینێرنەوە بۆ پەرلەمانی عێراق. 
 
رۆژی چوارشەممە 16ـی ئابی 2023، شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەنیا دەنگدانی ماوە. وردەکاری پڕۆژەکە رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراویش وەزارەتی ناوخۆ بۆچوونیان لەبارەی نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە بدەن، بەڵام تائێستا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەڵامی نەداوینەتەوە."  
 
لەمبارەیەوە کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر لەگەڵ لیژنەیەکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق نەخشەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەمان دیاریکردبوو، ئەو نەخشەیەی وەزارەتەکە دیاریکرد ئاڕاستەی ئێمە کرا و ئێمەش بەبێ هیچ تێبینییەک ناردمانەوە."  
 
کاوە عەلی گوتی، "رۆژی 9ـی ئاب، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان نەخشەکەی بە نووسراو ئاڕاستەی ئێمە کرد، ئێمەش کە بینیمان هەمان نەخشەیە کە لەگەڵ پلاندانانی عێراق ئامادەمان کردبوو، 13ـی ئاب، وەڵامی نەخشە و نووسراوەکەمان بەبێ دەستکاریکردن ناردەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ و هیچ کێشەیەکمان نییە و هیچ گۆڕانکارییەکیش لە سنووری کارگێڕیی هەڵەبجەدا نەکراوە و وەکو پێشتر لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکدێت." 
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتیشی، ئەگەر کێشەیەک یان تێبینییەکیش هەبێت، دەتوانرێت دوای پەسندکردنی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە چارەسەر بکرێت. 
 
هەر لەو بارەوە، هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، گرفتیان لەگەڵ نەخشەی پارێزگاکەدا نییە و بۆ تەواوکردنی رێکارەکان لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجەش لەسەر هێڵ دەبن و هەفتەی داهاتوو وەڵامی حکومەتی عێراق دەدەنەوە.
 
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کردووە، بڕیارە دوای وەڵامەکەی وەزارەتی ناوخۆ بخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسند کردن.
 
بەگوێرەی نەخشەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، پارێزگاکە پێکدێت لە قەزایەک کە هەڵەبجەیە، هەروەها هەر چوار ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان. 
 
رۆژی 9ـی تەممووزی 2023، محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق نەخشەی کۆتایی سنووری کارگێڕیی قەزا و ناحیەکانی پارێزگای هەڵەبجەی پەسند کرد. رۆژی دواتر عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەدوای پەسندکردنی نەخشەی کۆتایی یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای هەڵەبجە، نەخشەکە رەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت بە مەبەستی تەواوکردنی رێکار و پێویستییەکان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونەکە." 
 
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە كە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسندکرا. 
 
بەگوێرەی ئاماری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ رووداو، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە لەنێوان 126 بۆ 130 هەزار کەسدایە.