کەشناسیی هەرێمی کوردستان: پلەی گەرما بەرز دەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەراورد بە ئەمڕۆ، سبەی پلەی گەرما بەرزتر دەبێتەوە. کەشناسێکیش دەڵێت، ئێوارەی سبەی لە سنووری هەولێر، سلێمانی و کەرکووک ئەگەری هەورە برووسکە و کەمێک باران هەیە.
 
رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئابی 2023، لە راگەیێندراوێکدا کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما "کەمێک" بەرزتر دەبێتەوە و بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان دەبێت بە 49 پلەی سیلیزی.
 
ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پلەی گەرما لەم رۆژانەدا جێگیرە، بەڵام سبەی رێژەی شێ زیاتر دەبێت و بەهۆیەوە زیاتر هەست بە گەرما دەکرێت. هەفتەی داهاتوو بەهۆی کورتبوونەوەی مەودای رۆژەوە شەوان دوو بۆ سێ پلە، پلەی گەرما دادەبەزێت و بەراورد بە ئێستا هەست کەمبوونەوەی گەرما دەکرێت".
 
ئەو کەشناسە گوتیشی، سبەی ئێوارە بەهۆی بەرزیی (شێ)وە ئەگەری هەورە برووسکە لە سنووری بەشێکی نێو شاری هەولێر، سنووری سلێمانی و کەرکووک هەیە و "رەنگە کەمێک بارانیش ببارێت".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرما سبەی لە باشووری کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
- هەولێر؛ 44 پلەی سیلیزی
- سلێمانی؛ 42 پلەی سیلیزی
- دهۆک؛ 44 پلەی سیلیزی
- کەرکووک؛ 48 پلەی سیلیزی
- هەڵەبجە؛ 44 پلەی سیلیزی
- زاخۆ؛ 46 پلەی سیلیزی
- سۆران؛ 44  پلەی سیلیزی
- گەرمیان؛ 49  پلەی سیلیزی
- حاجی ئۆمەران؛ 30 پلەی سیلیزی