بەرپرسێکی پارتی: فرۆشتنی نەوت لە لایەن سۆمۆوە رادەستکردن نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دەڵێ، بڕیارە مانگی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەست بە کۆبوونەوەکانی بکات؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە کە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە "رادەستکردن" نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی فرۆشتنە لەسەر بنەمای رێککەوتن.
لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، حوسێن کەلاری، بەرپرسی لقی 22ـی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، گفتوگۆکان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "قۆناخی زۆر باشیان بڕیوە" و رایگەیاند: "بڕیارە مانگی 9 پەرلەمان کارا بکرێتەوە و بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن حکومەت پێکبهێندرێت، بەڵام لەپێناو یەکڕیزیی ماڵی کورد رەنگە پێویست بە نەرمی نواندن بکات".
ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت چاوەڕێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ناکەن.
لەبارەی رێککەوتنی نەوتیی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو بەرپرسەی پارتی روونیکردەوە کە پرۆسەکە رادەستکردنی نەوت نییە و گوتی: "رادەستکردن واتە تۆ هیچ دەسەڵاتێکت بەسەر پرۆسەی دەرهێنان و بەبازاڕکردندا نامێنێت، بەڵام ئەوەی ئێستا دەکرێ فرۆشتنی نەوتە لە رێگەی سۆمۆوە و لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی هاوبەشە."
حوسێن کەلاری قەیرانی مووچە و بژێوی هاووڵاتییانی بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە رێککەوتنەکان و دەستوورەوە گەڕاندەوە و رایگەیاند: "کێشەکان لە ساڵی 2014ـەوە دەستیانپێکرد کاتێک حکومەتەکەی مالیکی گەمارۆی ئابووری خستەسەر هەرێمی کوردستان، هاوکات شەڕی داعشیش ئەرکێکی قورسی خستە سەر شانمان."
بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان هەرگیز "کۆڵنادات" لە بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان و ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستانی بە نموونەیەکی جیاواز لە عێراق و ناوچەکەدا ناوبرد.