پارتی ئاهەنگێکی بەکۆمەڵ بۆ 450 بووک و زاوا رێکدەخات

رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان ئاهەنگێکی بەکۆمەڵ بۆ 450 بووک و زاوا لە دهۆک سازدەکات. کارگێڕی لقی یەکی حیزبەکە دەڵێ، بڕی 10 ملیۆن دیناریش وەک هاوکاری دەدرێتە هەر بووک و زاوایەک.
 
ئەمڕۆ شەممە 16-08-2025، بەبۆنەی 79ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، ئاهەنگێکی بەکۆمەڵ بۆ 450 بوک و زاوا (900 کەس) بە ئامادەبوونی کەسوکاریان ساز کرا. لەوبارەوە یوسف سەبری، کارگێڕی لقی یەکی پارتی بە هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''ئەمە دیاریی جەنابی سەرۆکە بۆ گەنجان.''
 
بەگوتەی یوسف سەبری، خەرجیی ئاهەنگەکە لە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێ و بڕی 10 ملیۆن دیناریش دەبەخشرێتە هەر بووک و زاوایەک.
 
کارگێڕی لقی یەکی پارتی گوتی، بووک و زاواکان لەسەر ئاستی هەموو ناوچەکانی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سوودمەند دەبن، ''بە جۆرێک لە سنووری لقی یەک، 151 بووک و زاوامان هەن.''
 
وەک یوسف سەبری ئاماژەی پێکرد، رێوڕەسمەکە بەو شێوەیە دەبێت کە کاروانی ئۆتۆمبێلی بووک و زاواکان لە پارکێکەوە بەرەو خواردنگەی نێو زانکۆی دهۆک بەڕێدەکەون و کاژێر 19:00 ئاهەنگەکە دەستپێدەکات.
 
کارگێڕی لقی یەکی پارتی گوتی: ''لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی، دیاریکردنی بووک و زاواکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی حیزبی، سیاسی، ئایینی و نەتەوەیی بووە و کورد، عەرەب، ئاشووری، کلدانی، سریانی، موسڵمان، ئێزدی و کریستیان تێیدا بەشدارن".
 
16ـی ئابی 1946 پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، سه‌ره‌تا ناوی "پارتی دیموكراتی كورد" بوو، دواتر له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌مدا له‌ شاری كه‌ركووك بڕیاردرا ناوی بكرێته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان.