دابەشکردنی ئاو بۆ گەڕەکەکانی کەرکووک بۆ دوو کاژێر کەم دەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەرکووک بەردانەوەی ئاو لە زێی بچووکەوە بۆ پرۆژەکانی تایبەت بە پاڵاوتەکردنی ئاوی شارەکە کەم دەکاتەوە و بەو هۆیەوەش پێدانی ئاو بە بەشی زۆری گەڕەکەکان لە 6 کاژێرەوە بۆ دوو کاژێر کەم دەکرێتەوە.
دوو پڕۆژەی سەرەکی پاڵاوتەکردنی ئاو لە کەرکووک هەن کە بریتین لە پڕۆژەی یەکی کەی وەن و پڕۆژەی دووی کەی وەن. هەردوو پڕۆژەکە پشت بە ئاوی زێی بچووک دەبەستن و بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی نێو ماستەرپلانی شارەکەش پشت بەو دوو پڕۆژەیە دەبەستن. شارەکە دابەشی دوو زۆن کراوە بۆ بەردانەوەی ئاو بۆی. زۆنی گەورە و زۆنی بچووک و رۆژی زۆنێکیان ئاویان پێدەدرێ، بەڵام هەندێ لەگەڕەکەکانی وەک شۆراو و پەنجەعەلی بۆ ئاوی خواردنەوە زیاتر پشت بە ئاوی بیر دەبەستن.
ئەندازیار هیوا ڕەشید، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر بڕی ئاوی پێویست کە لە زێی بچووکەوە بۆ پرۆژەکانی کەرکووک بەردەدرایەوە 70 هەزار مەتر سێجا بوو لە چرکەیەکدا، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەو قەیرانە گشتییەی رووی لە عێراق کردووە، ئەو بڕە بۆ 30 هەزار مەتر سێجا لە چرکەیەکدا دابەزیوە".
سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ئەو کەمکردنەوەیە، هیوا رەشید گوتی: "توانیومانە هاوسەنگییەک لە دابەشکردنی ئاوی پێویست بەسەر سەرجەم گەڕەکەکانی نێو شاری کەرکووک رابگرین."
هیوا رەشید گوتیشی، پێشتر گەڕەکەکانی نێوشار رۆژ نا رۆژێک 6 کاژێر ئاویان پێدەدرا، بەڵام ئێستا دابەشکردنی ئاو بۆ 2 کاژێر لە رۆژ نا رۆژێک کەمکراوەتەوە بۆ ئەو گەڕەکانەی لە چوارچێوەی سیستمی سەرەکیی بەڕێوەبەرایەتییەکەدان.
جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەرکووک باسی لە پلانێکی درێژخایەن بۆ چارەسەری کێشەکە کرد و گوتی، پرۆژەیەکی ستراتیژی ئامادەکراوە و رایگەیاند: "پرۆژەی پردێ لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و چاوەڕێی واژۆکردنین ."
هەر سەبارەت بە کێشەی کەمئاوی لە کەرکووک، ئارام وەهاب، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گەڕەکی سەرچنار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە دوو مانگە کێشەی کەمئاویمان بۆ دروست بووە".
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: ”بەرنامەی پێدانی ئاو لە گەڕەکەکەی ئێمە رۆژ نا رۆژێکە کە لەدوای نیوەڕۆ بەدواوە بەر دەدرێتەوە".
مەجید حەسەن، هاونیشتمانییەکی گەڕەکی شۆراوی دووە و دەڵێ: "ساڵانی پێشوو کێشەی کەم ئاویمان نەبوو، بەڵام ئەم ساڵ تووشی کێشەکە بووین".
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، زیاتر لە 20 رۆژە ئاویان بۆ بەرنەدراوەتەوە و هەربۆیە بە ناچاری پشت بە تانکەر دەبەستن بۆ دەستکەوتنی ئاوی خواردنەوە.
کێشەی کەمئاوی ساڵانێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە. عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو رۆژی 4ی ئەم مانگە رایگەیاند: "ساڵی 2025 بە یەکێک لە سەختترین ساڵەکان دادەنرێ کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە لەڕووی ئاوەوە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی کەمبوونەوەی ئاوی هاتوو لە وڵاتانی سەرچاوەوە، لە سەرووی هەموویانەوە تورکیا، سەرباری زیادبوونی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کە بووەتەهۆی زیادبوونی وشکەساڵی لە زۆربەی ناوچەکانی عێراقدا."