عەلی حوسێن: بەپێی رێککەوتن هەموو ئەو مووچانەی هەرێمی کوردستان کە ماون دەبێت بدرێن
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت، لە دوا کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی، بڕیاردراوە سەرەتای مانگی ئەیلوول پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەست بە کار بێت. باسی لەوەشکرد: "لە پێکهێنانی حکومەت، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن رەچاوی پێگەی هەر لایەنێک دەکەین".
رۆژی شەممە، 16ـی ئابی 2025، عەلی حوسێن، بەرپرسی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لەگەڵ ئەو حیزب و لایەنانەی هاوپەیمانی دەکەین، بەتایبەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن و هاوپەیمانی، رەچاوی پێگەی هەر لایەنێک دەکەین کە حکومەتی لەگەڵ پێکدەهێنین".
لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت عەلی حوسێن دەڵێت: "راستە کاتی زۆری پێویست بوو، بەڵام هەنگاوی باشی بڕیوە، لە دوا کۆبوونەوە بڕیاردراوە سەرەتای مانگی ئەیلوول پەرلەمان دەستبەکار بێت و سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، کە ئەمەش هەنگاوێکی ئەرێنی و باشە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و دواتر سەرۆکی حکومەت".
بڕیارە رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. عەلی حوسێن گوتی: "هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن کە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت".
رۆژی 14ـی ئابی 2025، لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر، هەردوو شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوامییان بە کۆبوونەوەکانیان دا.
پارتی و یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا لە دوای کۆبوونەوەکەیان گوتیان، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە هەوڵی چڕ و جدی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاسایی خۆی بکات و هەنگاوەکانی دیکەی پێکهێنانی کابینەی نوێ بەردەوام بن.
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی شەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە نەنێردراوە. بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت: "بابەتی مووچە مافێکی سەرەتایی خەڵکە، بەڵام روونە بەغدا بەردەوام بیانوو دەگرێت، بڕینی مووچە بەپێی دەستوور تاوانە. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە بەتایبەتی دوای 2003 پابەندی دەستوور و رێککەوتنەکان نەبوون، سەرەڕای ئەوەی ئەو خاڵانەی لەسەر هەرێمی کوردستانن هەموویان جێبەجێ کراون، بەپێی رێککەوتن هەموو ئەو مووچانەی کە ماون دەبێت عێراق بینێرێت، ئەگەر دوابکەوێت و گرفت دروستبکرێت بیانووە".
بەرپرسی رێکخستنی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە باسی لەوەکرد: "هەموو لایەنە سیاسییەکان پێداگرن لەسەر ئەوەی بتوانن گرفتی مووچە چارەسەر بکەن، لە چەند مانگی داهاتوودا پێویستە لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق رێککەوتنێکی نوێ بکەین".
کاژێر 10:00ـی شەوی 12ی ئابی 2025، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، دەستگیر کرا. لەوبارەیەوە عەلی حوسێن گوتی: "بابەتێکی یاساییە و من زانیاریم لەسەری نییە. ئێمە لەگەڵ یاساداین، هەر کەسێک و لایەنێک گرفتی هەبێت دەبێت کێشەکەی بە یاسا چارەسەر بکرێت نەک بە شەخسی بکرێت، بۆیە ئەوە کاری دەزگا ئەمنییەکانە".
عەلی حوسێن گوتی: "لەبارەی رێککەوتنی نەوتی نێوان هەرێم و بەغدا هەندێک بابەتی تەکنیکی هەن، لێژنە هاوبەشەکانی هەردوولا بڕیاری لەسەر دەدەن".
رۆژی 13ی ئابی 2025، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتین و 50 هەزار بەرمیل بۆ ناوخۆ دەبێت. کۆنووسی رێککەوتنەکە لەلایەن 23 کەسایەتیی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە کە 17ـیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون".