ژمارەیەک کۆچبەری کورد لە یۆنانەوە دیپۆرتی تورکیا دەکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بەلەمێکی کۆچبەران لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان پەکی کەوت و پۆلیسی ئەو وڵاتە کۆچبەرەکانی دەستگیرکردن، دیپۆرتی تورکیای کردنەوە. باوکی کۆچبەرێکیان دەڵێت: "کوڕەکەم هیچ دەنگی نییە و نازانین چی بەسەرهاتووە".
بەلەمەکە 13ـی ئەم مانگە بە زیاتر لە 90 کۆچبەرەوە لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوت و دوای کەمتر لە 24 کاژێر پەکی کەوت و دواتر پۆلیسی یۆنان کۆچبەرەکانی رزگاری کردن.
عومەر داود فەقێ، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکانە و ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوڕەکەم تەمەنی 15 ساڵە و نازانین چی بەسەرهاتووە. قاچاخچییەکەشیان هەموومانی بلۆک کردووە و قسەمان لەگەڵ ناکات".
عومەر داود دەڵێت: "سەرەتا قاچاخچییەکە گوتی 'دەستگیرکراون'، بەڵام هیچ زانیارییەکی وردی پێ نەداین. کوڕەکەشم منداڵە و مۆبایلەکەشیان لێوەرگرتووە و ناتوانێ پەیوەندی بکات".
ئەو هاونیشتمانییە داوایکرد، لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ کوڕەکەی و سەرنشینانی دیکەی بەلەمەکە بکات. گوتیشی: "داواکارین لایەنی پەیوەندیدار هیچ نەبێ لەگەڵ تورکیا قسە بکات بۆ ئەوەی بە هەڵە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دیپۆرتی ناوچەی دیکە نەکات".
رەنج پشدەری، چالاکڤانی کۆچبەران لە یۆنان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرنشینانی بەلەمەکە 90 بۆ 94 کەس بوون و کوردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان بوون. یۆنان بە بەلەمی بچووک هەموویان دیپۆرتی تورکیا کردووەتەوە".
رەنج پشدەری گوتی: "کۆچبەرەکان بە سەلامەتی رزگارکران، بەڵام تورکیا کەمپی نییە و هەمووان لە زیندان دەهێڵێتەوە و دواتر لەنێوان 10 بۆ 20 رۆژدا دیپۆرتی کوردستانیان دەکاتەوە".
بە گوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ، ئەم ساڵ تاوەکو 12ـی ئاب، 85 هەزار و 747 کۆچبەر چوونەتە ئەورووپا کە 80 هەزار و 708یان بە دەریادا بوون. لە هەمان ماوەدا هەزار و 212 کەس لەو رێگەیە بێسەروشوێن بوون یان مردن لەکاتێکدا پار سێ هەزار و 812 کەس بوو.