رێکخراوەکانی سەقز: دەبێ تاوانبارانی کوشتنی ژینا ئەمینی سزا بدرێن
رووداو - هەولێر
رێکخراوە مەدەنییەکانی شاری سەقز لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی دەستبەسەرکردن و ئازاردانی ژینا ئەمینی دەکەن و داوا دەکەن، ئەو کەسانەی لەو تاوانەدا بەشداربوون، سزا بدرێن.
ئەنجوومەنی مەولەوی کورد، ئەنجوومەنی هیوای زانست، ئەنجوومەنی چرۆی ژیان، ئەنجوومەنی ژیانی سەوز، ئەنجوومەنی ئاسۆی ژیار، ئەنجوومەنی مامۆستایان و رێکخراوی نۆژین لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رۆژی هەینی 16-9-2022 بڵاویانکردەوە، لاوانی کورد بە بیانووی وەکو کۆڵبەری، بیروڕای جیاواز، چالاکی مافی مرۆڤ، ژینگەپارێزی و بواری دیکە تەقەیان لێدەکرێت یان دەستبەسەردەکرێن. ئێستاش بیانووی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی هاتووەتەسەر ئەو گوشار و دەستدرێژییانەی دەکرێتەسەر گەنجانی کورد.
ئەو رێکخراوانە دەڵێن، ئەو کەسانەی لەو تاوانەدا بەشداربوون، دەبێ سزا بدرێن؛ ئاماژەیان بەوەشداوە، دەبێت گوشار و ئازاردانی ژنان بە بیانووی باڵاپۆشی کۆتایی بێت.
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە هات، ژینا یان مەهسا ئەمینی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی 16-09-2022 لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەستدا.
ئەو کچە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 13-09-2022 لە وێستگەی حەقانیی میترۆی تاران لەلایەن پۆلیسی تاران بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە باڵاپۆشی دەستبەسەرکرا و دواتر بۆ گرتووخانەی پۆلیس لە شەقامی وەزیرانی تاران گوێزرایەوە.
ئەو کەسانەی لەگەڵ ژینا دەستبەسەرکرابوون بە میدیاکانیان راگەیاندووە، لە کاتی گواستنەوەی بۆ گرتووخانە، هێزەکانی پۆلیس لە ژینایان داوە و لە گرتووخانە دۆخی تەندروستی تێکچووە. کەسوکاری ژینا ئەمینی دەڵێن، لە نەخۆشخانە پێیان راگەیاندوون، جەڵتەی دڵ و مێشک لێی داوە.
موژگان ئەمینی، دایکی مەهسا بە میدیاکانی راگەیاندووە، جلوبەرگی کچەکەی هیچ کێشەیەکی نەبووە و مانتۆیەکی درێژی لەبەردابووە و لەچکێکی گەورەی لەسەر بووە، بەڵام دیسانیش دەستبەسەرکراوە؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی دەستبەسەرکردنی ژینادا براکەی لەگەڵیدا بووە و هێزەکانی پۆلیس لە براکەیان داوە بەهۆی ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە دژی دەستبەسەرکردنی خوشکەکەی.
ژینا ئەمینی خەڵکی سەقز و تەمەنی 22 ساڵان بوو، بۆ سەردانی کەسوکاری لەگەڵ خێزانەکەی رۆژێک پێش ئەو رووداوە چووبووە تاران. ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران دەڵێت، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بڕیاریداوە بە پەلە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکرێت و جێگری وەزیری ناوخۆ راسپێردراوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت. هەروەها داواکاری گشتیی تاران رایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە لەبارەی هۆکاری تێکچوونی تەندروستیی ژینا ئەمینی.
ژمارەیەک رۆژنامەڤانی ئێرانی لە زاری پزیشکانی نەخۆشخانەی کەسرای تارانەوە بڵاویانکردووەتەوە، مەهسا جەڵتە لێی نەداوە، بەڵکو بەهۆی ئەوەی لە سەری دراوە، سەری شکاوە و تووشی خوێنبەربوون بووە.