لە هەشت مانگی ئەمساڵدا ملیۆنێک و 340 هەزار کەس لە فڕۆکەخانەی ئامەدەوە گەشتیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەشت مانگی ئەمساڵدا یەک ملیۆن و 338 هەزار و 870 کەس لە فڕۆکەخانەی ئامەدی باکووری کوردستانەوە گەشتیان کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەکارخستنی فڕۆکەخانەکانی دەوڵەت سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئاماری مانگی ئابی 2023ی فڕۆکەخانەی ئامەدی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، مانگی رابردوو 177 ھەزار كهس لە فڕۆکەخانەی ئامەدەوە گەشتیان كردووه.
بەگوێرەی ئامارەکە، لە مانگی ئابدا فڕۆکەخانەی ئامەد خزمەتگوزاری پێشکێشی 176 ھەزار و 872 سهرنشین کردووە؛ هەروەها 1039 فڕۆکە لەو فڕۆکەخانەیەوە گەشتیان کردووە و 1862 تۆن باری کارگۆش هەبووە.
وەک لە ئامارەکەدا هاتووە، لە هەشت مانگی ئەمساڵدا یەک ملیۆن و 338 هەزار و 870 کەس لە رێگەی 8785 فڕۆکەوە گەشتیان لە فڕۆکەخانەی ئامەد کردووە؛ هەر لەم ماوەیەدا 12 هەزار و 161 تۆن کەلوپەل بە فڕۆکەکانی کارگۆ گوێزراونەتەوە.
فڕۆکەخانەی ئامەد، ساڵی 1952 دامەزرا و تاوەکو ساڵی 2016 فڕۆکەخانەی سڤیل و سەربازی بوو و تاوەکو ئێستا هەشت جار نۆژەنکراوەتەوە و شەش جار فراوانکراوە. فڕۆکەخانەکە 11 کیلۆمەتر لە سەنتەری شارەوە دوورە.
لە سەرانسەری تورکیادا 62 فڕۆکەخانەی سڤیل هەن کە 18یان لە باکووری کوردستاندان و فڕۆکەخانەکانی ئامەد، خارپێت، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، قەرس، مەلەتێ، سێواس، رووها و وانیش نێودەوڵەتین.