هەپەگە ناسنامهی دوو گەریلا ئاشكرا دهكات کە لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامهی دوو گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا دهكات، كه لە شهڕ و پێكدادان له دژی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئەیلوولی 2024، ناوەندی راگەیاندن و چاپهمهنیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ئەو دوو گەریلایەی بڵاوکردەوە، کە لە رۆژی 6ی ئەیلوولی 2024 لە ناوچەی گارە لە هەرێمی کوردستان لە شەڕ و پێکدادان لە دژی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو.
ناسنامەی گەریلاکان بەم شێوەیەن: خەلیل ئیگیت ناسراو بە هۆگر پیرۆسی لەدایکبووی شرنەخ و محەممەد رەشید ناسراو بە مەزڵوم پارتیزان لەدایکبووی عەفرین.
رۆژی 14ی ئەیلوولی 2024، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، چوار جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی تورکیا و بەهۆیەوە دوو سەرباز کوژران و سەربازێکی دیکەش برینداربووە.
رۆژی 15ی ئەیلوول، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا دوو گەریلای پەکەکە لە رێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێف 16 و درۆنەکانیانەوە لە ناوچەکانی مەتین و گارا لە خاکی هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.