ئەو قوتابییانەی کەرکووک کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن دەتوانن بگەڕێنەوە شارەکە

رووداو دیجیتاڵ

جیگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رەزامەندی وەرگیراوە بۆ گواستنەوەی خوێندکارانی کەرکووک کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەخوێنن. بەرپرسی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکووک دەڵێت: "بۆ کورد زۆر گرنگە خوێندکاران بەپەلە مامەڵەی گواستنەوە بکەن".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای نووسراوێکی بە ژمارە 603 لە 03-08-2025 بۆ وەزیری خوێندنی باڵای عێراق و چەند گفتوگۆیەک بۆ گواستنەوەی خوێندکارانی کەرکووک کە لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەوام دەکەن، رەزامەندی لەسەر داواکەی دراوە.
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەمڕۆ وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رەزامەندی داوە خوێندکارانی کەرکووک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەربگرن، جگە لە قۆناخی یەکەم و کۆتایی.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوەکەی بە "هەواڵێکی خۆش" بۆ خوێندکارانی کەرکووک بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، داوای کردووە وەزارەتی خوێندنی باڵا رێنمایی بداتە زانکۆی کەرکووک بۆ وەرگرتنی خوێندکارەکان.
 
شێرزاد سەعید، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ناوچە دابڕاوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵی رابردووش هەمان بڕیاردرا، بەڵام مەرجی هاوتایی نمرەی وەرگیراو هەبوو، دوای چەند گفتوگۆیە مەرجەکە لابرا".
 
بەگوێرەی رێنمایی زۆرینەی زانکۆکانی هەرێمی کورستان و عێراق، گواستنەوەی خوێندکاران لە 01ـی مانگی 7 بۆ 01ـی مانگی 9 یە. شێرزاد سەعید دەڵێت: "کاتەکە زۆر درەنگە، بەڵام مادام رەزامەندییەکە نوێیە، گرنگە خوێندکاران زوو مامەڵە دەستپێبکەن".
 
بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان گوتی: "بڕیارەکە بۆ کورد زۆر پێویستە، گرنگە گەنجانی کورد بگەڕێنەوە کەرکووک و رێژەی کورد لە زانکۆش بەرزبکەنەوە، دەبێت زوو مامەڵە دەستپێبکەن و گوێ بەوە نەدەن کاتی گواستنەوە نەماوە، چونکە بەگوێرەی رێنمایی نوێ کارەکانیان جێبەجێ دەکرێت".