بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک: 80٪ـی هاوکارییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک ئاشکرای دەکات، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، 20 کامپ هەن و نزیکەی 210 هەزار ئاوارە و پەنابەریان تێدا نیشتەجێن. هاوکات نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لە کەمکردنەوەی بەرچاوی هاوکارییە مرۆییەکان و پابەند نەبوونی حکومەتی عێراق بە ئەرکەکانی. دەشڵیت، حکومەتی عیراق سەتان ملیار دیناری کرێی زەوی و کارەبای کامپەکان قەرزارە.
پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی دهۆک میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی دۆخی کامپەکانی سنووری پارێزگاکە کرد و گوتی، لە 20 کامپی سنووری دهۆک و زاخۆ، 15کامپیان بۆ ئاوارە و 5 ی دیکەیان بۆ پەنابەرانن. کە 20 هەزار و 830 خێزانی ئاوارەی نێوخۆیی لەنێو کامپەکانن کە نزیکەی 110 هەزار کەس دەبن، هاوکات لە دەرەوەی کامپەکانیش نزیکەی 35 هەزار خێزان هەن کە نزیکەی 170 هەزار کەس دەبن.
لەبارەی ژمارەی پەنابەرانیش، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی 10 هەزار خێزان لەنێو کامپەکان هەن کە زیاتر لە 50 هەزار پەنابەر دەبن و نزیکەی 70 هەزار کەسیش لە دەرەوەی کامپەکانن، بەگشتیی نزیکەی 450 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ نیشتەجێن.
ئەو بەرپرسەی کۆچ و کۆچبەران جەخت لەسەر کەمبوونەوەی بەرچاوی هاوکارییە مرۆییەکان دەکاتەوە. "لە دوو ساڵی رابردوودا، هاوکاری و پاڵپشتی رێکخراوە مرۆییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی 80% کەمیکردووە. لە بەرامبەردا، حکومەتی هەرێمی کوردستان باری قورسی خەرجییەکانی لە ئەستۆ گرتووە، بە تایبەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک پەروەردە، کارەبا، تەندروستی، ئاوی خواردنەوە و کۆکردنەوەی خاشاک لە کامپەکاندا، کە مانگانە چەندین ملیار دیناری تێدەچێت."
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک رەخنەی تووندی لە حکومەتی عێراق گرت بەوەی کە "هاوکار نییە" و "مامەڵەیەکی سیاسیی لەگەڵ پرسی ئاوارەکان و کامپەکان دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، لەکۆی 20 کامپ لە سنوورەکەدا 14یان لەسەر زەوی کشتوکاڵی جووتیاران دروستکراون و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە ساڵی 2017ـەوە کرێی ئەو زەوییانەی نەداوە. بە گوتەی پیر دەیان جەعفەر، "سەتان ملیار دینار" دەبێت و رۆژانە خاوەن زەوییەکان داوای مافی خۆیان دەکەن. هاوکات، کرێی دابینکردنی کارەبا بۆ کامپەکان کە لەسەر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقە، تاوەکو ئێستا خەرج نەکراوە.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران ئاشکرای کرد، خۆراک و پێداویستیی زۆر کەم بەسەر ئاوارەکاندا دابەشکراون و دوو ساڵ و نیوە هیچ هاوکارییەکی خۆراک پێشکێشی پەنابەران نەکراوە. هەرچەندە دەبوو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق مانگانە سەبەتەی خۆراک و پاکژکەرەوە بەسەر ئاوارەکاندا دابەشبکات، بەڵام ئەم ساڵ تەنیا دوو جار ئەو پێداویستییانەی دابەشکردووە.
لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان گوتی، لەسەرەتای ئاوارەبوونەوە نزیکەی 10 هەزار خێزان کە دەکاتە 55 هەزار کەس، گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. بەڵام، لە دوو ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 800 خێزان کۆچی پێچەوانەیان کردووەتەوە و گەڕاونەتەوە کامپەکان، بەهۆکاری، نەبوونی ئاسایش، خزمەتگوزاری و دەرفەتی کار.
پیر دەیان جەعفەر ئاماژەی بە پرۆسەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ ئاوارەکان کرد و گوتی، تیمی تایبەت رۆژانە سەردانی کامپەکان دەکەن و رۆژانە 100 خێزان تۆمار دەکەن و، تائێستا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک سوودمەند بوون لەم پرۆسەیە.