شۆفێرانی بارهەڵگری سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان رێگەی باوەمەحموود دادەخەن

 
رووداو دیجیتاڵ

شۆفێرانی بارهەڵگر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان خۆپێشاندانیان کرد و رێگەی باوەمەحموودیان داخست. نوێنەرێکی ناوچەکە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پشتگیری لە داواکاریی شۆفێرەکان دەکەن.
 
سروە محەممەد، نوێنەری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 16-09-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شۆفێرانی بارهەڵگر کە رێگەی باوەمەحموود بەکاردەهێنن، گردبوونەوە و رێگەکەیان داخست.
 
بازگەی باوەمەحموود دەکەوێتە سنووری قەزای خانەقین لە پارێزگای دیالە و بارهەڵگرەکانی دەروازەی پەروێزخانی ئیدارەی گەرمیان لە رێگەی ئەو بازگەیەوە کاڵا بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق دەگوازنەوە.
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، زیاتر لە دوو مانگە بازگەی باوەمەحموود بەڕووی ئەو بارهەڵگرانەدا داخراوە کە کاڵا دەگوازنەوە، بۆیە شوفێرەکان ناچارن بگەڕێنەوە سلێمانی و لە رێگەی بازگەی چیمەنەوە لە پارێزگای کەرکووک بارەکانیان ببەنە نێوەڕاست و باشووری عێراق، لەو بازگەیەشدا قەرەباڵخییەکی زۆر دروستبووە.
 
سروە محەممەد گوتیشی، "شوفێرەکان کەوتوونەتە دۆخێکی زۆر خراپەوە و دۆخەکەش کاریگەریی خراپی لە سەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پشتگیری لە داواکارییەکانیان دەکەین و پێویستە ئەو بازگەیە بە زووترین کات بەڕووی بارهەڵگرەکاندا بکرێتەوە بۆ ئەوەی کاڵا هاوردەکراوەکان بگەیێننە نێوەڕاست و باشووری عێراق."