دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازیی ئەمریکی جەخت لە خێراکردنی پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە دەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە دامەزراوەکانی پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمریکی لەسەر پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە کۆبوونەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی 16ی ئەیلوول بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: جەخت لە سەرخستنی پرۆسەکە کرایەوە.
کۆبوونەوەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە و بە گوێرەی راگەیێندراوەکەیان: لە کۆبوونەوەکە باس لە دواهەنگاوەکانی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەوڵ و هەنگاوی هاوبەش بە ئاراستەی خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ کرا.
دەقی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ سێشەممە 2025/9/16 لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان بەرپرسانی ژمارەیەک لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەربازی و دیپلۆماسیی ئەمەریکا، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەڕێوە چوو.
لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە و پێویستیی یەکخستنەوەیان، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەکە و ئەو قۆناغانەی کە ماون، خرانە ڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، هەوڵ و هەنگاوی هاوبەش بە ئاراستەی خێراکردنی پرۆسەکە و چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکاری لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ کرا.