نرخی مریشک بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی؛ کیلۆی بە 2250 دینارە

رووداو دیجیتاڵ

نرخی مریشکی زیندوو بەردەوامە لەدابەزین و کاسبکارانی بوارەکەش دەڵێن، مریشک زۆرە و رێگە بە هەناردەکردنیشی نادرێت.
 
عەلی محەممەد، فرۆشیاری مریشک لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە 2 هەزار و 250 دینار دەفرۆشین".
 
کۆتایی مانگی رابردوو نرخی کیلۆیەک مریشک لە هەولێر 2 هەزار و 750 دینار بوو.
 
لەبارەی هۆکاری دابەزینی مریشکەوە، جەمال حوسێن، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مریشکێکی زۆر زۆر لەبازاڕدایە و نرخی زۆر دابەزیوە، عێراقیش رێگەنادات هەناردەی نێوەڕاست و خوارووی وڵاتەکە بکرێت".
 
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە سلێمانی گوتی، "نرخی مریشیک لە پەلەوەرخانەکان لەو نرخە کەمترە لە بازاردا دەفرۆشرێت و ئەوە زیانی بە خاوەن کێڵگەکان گەیاندووە، چونکە زۆرینەیان لەو نرخە زیاتر لە ئەستۆی خۆیان دەکەوێت".
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان بەخێودەکرێن، کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە.
 
لە هەرێمی کوردستان 1,840 پەرلەوەرخانە هەن، زۆرینەیان دەکەونە پارێزگای سلێمانی، پاشان هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە، بەڵام هەموویان بەشێوەیەکی هەمیشەیی بەرهەمیان نییە.