دوایین زانیاری لەبارەی رەوشی کەرکووک

رووداو - کەرکووک

تاوەکو ئێستا شەڕ و پێکدادان و ئاڵۆزی لە سنووری کەرکووک و دەوروبەری بەردوامە و حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان چەند ناوچەیەکیان کۆنترۆڵکردوون، رێگای بەغدا و کەرکووکیش داخراوە.

دوای چەندین رۆژ هەڕەشە، هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی کاژێر 11:30 خولەکی شەوی رابردوو لە چەند میحوەرێکەوە هێرشیان کردە سەر کەرکووک، بەشێک لە هێزەکانی سەر بە یەکێتیش بەبێ شەڕ پاشەکشەیان کرد. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: ئەو هێزانە هێزی عێراقی و حەشدی شەعبی ئێرانین و بە چەکی ئەمریکی هێرشدەکەنە سەر پێشمەرگە.

هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بە فەرمانی راستەوخۆی حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو هێرشەیان دەستپێکردووە و دەیانەوێت ئەو ناوچانەی پێشمەرگە لەدەست چەکدارانی داعش کۆنترۆڵی کردوون چۆڵیان بکەن و حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان بچنە شوێنەکانیان. 

لە ناوچەی پیشەسازی کەرکووک شەڕێکی قورس روویدا و 12 چەکداری حەشدی شەعبی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کوژران و 7 ئۆتۆمبێلی سەربازیشیان تەقێندرانەووە. ئاسۆ مامەند، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند لە پێشمەرگەش شەهید و برینداری هەیە.

دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەشدی شەعبی و چەکدارانی هێزە عێراقییەکان بەشێک لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە لەلایەن هێزەکانی یەکێتی بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی چۆڵکران و هێزەکانی حەشدی شەعبی شوێنەکانیان کۆنترۆڵکرد. بەشێک لەو پێشمەرگانە بە رووداویان گوت: "خیانەتمان لێکراو ئەو ناوچانەیان فرۆشت". خەڵکی خۆبەخشی کەرکووکیش کە لە شەوی رابردووەوە بۆ پاڵپشتی پێشمەرگە هاتوونەتە سەر شەقامەکان دەیانەوێت رێگری لەو هێزانە بکەن کە پاشەکشە دەکەن.

فەرماندەیەک: تەلوەرد ‌و مەكتەب خالید ‌و دووركارەبا ‌و مریەم بەگ بێ‌ تەقە چۆڵكران

لیوا حەمەڕێگر، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركووك بەوەكالەت بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دوای هێرشەكەی حەشدی شەعبی بۆ سنووری كەركووك، چەند ناوچەیەك بەبێ‌ تەقە لەلایەن بەشێك لە هێزەكانی یەكێتی چۆڵكراون.  

حەمەڕێگر گوتیشی: "بەداخەوە تەلوەرد ‌و مەكتەب خالید ‌و دووركارەبا ‌و مریەم بەگ بەبێ‌ تەقە لەلایەن بەشێك لە پێشمەرگەكانی یەكێتی چۆڵكراون".

فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركووك باسی لەوەش کرد کە حەشدی شەعبی لە سنووری حەویجەوە خەریكی هێرشكردنن. گوتیشی "بەڵام ئێمە لە شوێنی خۆمان ماوین بەرگری دەكەین".
چەند هێزێک رەوانەی کەرکووک کران

بۆ بەرگریکردن و پاراستنی کەرکووک و ئەو ناوچانەی پێشمەرگە چۆڵیان کردوون، هێزێکی زۆری پێشمەرگە (سوپای چوار ‌و پێنجی پێشمەرگە و بەشێك لە سوپای یەك ‌و دوو ‌و سێی‌ پێشمەرگەی زێرەفانی)  چوونەتە کەرکووک و هێرشی پێچەوانەیان بۆسەر چەکدارانی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان دەستپێکردووە. وێڕای ئەمە هێزێکی ئاسایشی هەولێر و خەڵکێکی زۆر لە هەولێر و سلێمانی و دهۆکەوە بە چەکەوە بۆ بەرگریکردن گەیشتوونەتە کەرکووک.

هاوکات هەڵگورد حیکمەت، گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە هێزی زیاتریان رەوانەی کەرکووک کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە لە شاری هەولێر لەگەڵ هاوپەیمانان لە کۆبوونەوەدان.

ئەنجوومەنی ئاسایشی کوردستان: بەرگریکردن بەردەوام دەبێت

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی رەوشی کەرکووک بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی سەر بە ئێران لە باشووری کەرکووک و تازەخورماتوو لە چەندین بەرەوە بە هامەر و چەکی ئەمریکی هێرشیان کردووەتە سەر پێشمەرگە". 

ئەنجوومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوە داوە کە هێزەکانی پێشمەرگە بەلایەنی کەمەوە 5 ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەمریکییان تێکشکاندوون کە لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە بەکارهاتوون. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هێزەکانی پێشمەرگە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی کوردستان و خاک و خەڵکی کوردستان دەکەن.

حەشدی شەعبی چووە نێو گەڕەكە كوردنشینەكانی خورماتوو

جگە لە کەرکووک لە خورماتوو و داقووقیش چەند هێزێکی پێشمەرگە پاشەکشەیان کرد. عەقید كاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، بەهۆی پاشەكشەی هەندێ‌ لە هێزەكانی پێشمەرگە حەشدی شەعبی چووەتە نێو گەڕەكە كوردنشینەكانی خورماتوو.

كاوە مەلا پەروێز گوتیشی: "ئێمە بەرگری دەكەین، بەڵام بەداخەوە بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشەیان كردووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی حەشدی شەعبی بێتە نێو گەڕەكە كوردییەكانی خورماتوو".

داقووق تەنیا ئاسایشی تێدا ماوە

هەروەها لە سنووری داقووق لیواكانی 9 ‌و 16 پێشمەرگە بارەگاكانیان چۆڵكرد. بەڕێوەبەری ئاسایشی داقووقی پارتییش دەڵێت "بەبێ‌ هیچ شەڕێك ئەو دوو لیوایە بارەگاکانیان چۆڵ كردووە".

فارووق ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاسایشی داقووق بە (رووداو)ی راگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە سنووری قەزای داقووق لیواكانی 9‌ و 16 ی پێشمەرگە بەبێ‌ هیچ تەقەیەك بارەگاكانیان چۆڵكرد. ئەوەشی خستەڕوو کە تاکە هێزی چەکدار لە قەزاکەدا مابێت ئاسایشە.

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: هیچ فشارمان لەسەر نەبوو، نازانین بۆ پاشەکشە کرا


فەرماندەیەکی پێشمەرگە بە پلەی رائید لە فەوجی سێی لیوای یەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ فشارێکی سەربازییمان لەسەر نەبوو، نازانین بۆ پاشەکشەیان کرد، سێ بۆ چوار تانک (دەبابە)مان لابوو لەناکاو پاشەکشەیان کرد و پێشمەرگەش کەوتنە دوایان".

لەبارەی شەڕەکەش گوتی: "خۆڕاگرییەکی باشمان کرد، زیاتر لە سێ کاژێر بە هاوەن و دۆشکە لێیان داین هیچ جووڵەیەکمان بۆ دواوە نەکرد، بەڵام دواتر پاشەکشەیان کرد، تەنیا دەڵێم  بەداخەوە. داوادەکەین خەڵک لە هۆکاری ئەم کشانەوەیە بپرسن و بزانن کێن ئەوانەی فەرمانی کشانەوەی پێشمەرگەیان داوە".

ئەو بە وەرەیەکی بەرزەوە گوتی خەڵکێکی زۆری خۆبەخش بۆ بەرگریکردن پەیوەندییان پێوە کردوون و گوتیشی: "ئێمە ئامادەین کەسێک سەرکردایەتیمان بکات هێرش بکەین و شوێنەکانی خۆمان بگرینەوە، بەڵام نازانین بی فەرمان چی بکەین".

لەبارەی ناردنی هێزیش بۆ کەرکووک گوتی: "دەگوترێت هێزی زێرەڤانی چوونەتە تەلوەرد، دەستخۆشییان لێدەکەین، ئەمشەویش لیوای کاک کۆسرەت لە ناوچەی پیشەسازی گەورە بەرگرییەکی بێوێنەیان کرد و لەماوەی 5 خولەک حەشدی شەعبییان تێکشکاند".

لە كەركووك دەوامی قوتابخانەكان كرایە پشوو

بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە كەركووك رایگەیاند، لە سەرجەم قوتابخانەكانی كەركووك ئەمڕۆ كراوەتە پشوو، بەڵام تاقیكردنەوەی خولی سێیەمی پۆلە كۆتاكان بەردەوامە و لە كاژێر دوانزەی نیوەڕۆ دەستپێدەكات.

شێرزاد رەشید كاكە، بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی كەركووك بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 16-10-2017 لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندنی كەركووك كراوەتە پشوو‌. گوتیشی "لە عێراق تاقیكردنەوەی خولی سێیەم هەیە بۆ ئەو قوتابیانەی لە پۆلەكانی سێ‌ ‌و شەشی ئامادەیی كەوتوون، تاقیكردنەوەی ئەو قوتابیانە رانەگیراوە و خراوەتە كاژێر 12:00ی ئەم نیوەڕۆیە".

حەشدی شەعبی: هێزەکانمان دەیانەوێت بڕۆنە نێو کەرکووک

کەریم نوری، سەرکردە لە حەشدی شەعبی، لەبارەی دەستپێکردنی پێشڕەویی هێزەکانیان بەرەو کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ جارێکی دیکە هێزەکان بڵاوەیان پێدەکرێت، ئەمە شەڕ نییە و هێرشیش نییە ئەنجام بدرێت، بەڵکو هاتنەوەی هێزەکانمانە بۆ ئەو شوێنانەی پێش شەڕی داعش لەوێ بوون".

کەریم نوری هەروەها گوتی: "جووڵەی هێزەکان هیچ پەیوەندییەکی بە گشتپرسییەوە نییە، ئەگەر گشتپرسی بکرایە یان نا، نەمانی داعش لە حەویجە رێگەخۆشکەر دەبوو بۆ ئەوەی ئێمە بچینە نێو کەرکووکەوە، ئەو هێزانە کەرکووک دەپارێزن، ئەوان هێزی حیزبی نین، بەڵکو ئەمانە هێزی فیدراڵی عێراقین".

سەرکردەکەی حەشدی شەعبی گوتیشی: "ئەوەی دەیەوێت لەدەرەوەی دەستوور کەرکووک کۆنترۆڵ بکات، ئەوانە هیچ جیاوازییەکیان نییە لەگەڵ داعش، ئێستاش هێزەکان بەڕێگاوەن و پێشمەرگە هەر جوڵەیەک بکات ئەوا ئاگری جەهەنەم دەکاتەوە بەرامبەر خۆیان".


تاوەکو ئێستا شەڕ و پێکدادان و ئاڵۆزی لە سنووری کەرکووک و دەوروبەری بەردوامە، بەو هۆیەوە رێگای بەغدا و کەرکووک داخراوە....

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح