برینداربوونی کۆسرەت رەسول رەتدەکرێتەوە

رووداو - هەولێر 

لەدوای پاشەکشەی بەشێکی هێزەکانی پێشمەرگە و رێگەچۆڵکردنیان بۆ سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، لەلایەن حەشدی شەعبییەوە هەواڵی برینداربوونی کۆسرەت رەسول بڵاوکرایەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆسرەت رەسولەوە، هەواڵەکە راست نییە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی کۆسرەت رەسول، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو هەواڵانەی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لەبارەی برینداربوونی کۆسرەت رەسول لە کەرکووک بڵاودەکرێنەوە، دوورن لە راستی و کۆسرەت رەسول بریندار نەبووە".

بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە تەنیا بۆ دابەزاندنی ورەی پێشمەرگە بووە، چونکە بەپێی راگەیێندراوێکی فەرماندەیی گشتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕەکەی ئەمڕۆدا "هەندێ بەرپرسی یەكێتیش یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە... ئەم چەند بەرپرسە، هەندێ شوێنی هەستیاریان بەبێ شەڕ بۆ هێزەكانی حەشد و سوپای پاسدارانی ئێرانی چۆڵ كردووە و كاك كۆسرەتیان بەتەنیا جێهێشتووە".