هاشمی: ئەوەی لە کەرکووک روودەدات بە هاوئاهەنگی بافل تاڵەبانی و قاسم سولەیمانییە

رووداو - هەولێر

هاشم هاشمی رایدەگەیێنێت، ئەوەی لە کەرکووک روودەدات بە هاوئاهەنگی نێوان بافل تاڵەبانی، کوڕی جەلال تاڵەبانی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە.

هاشم هاشمی، شرۆڤەکاری ئەمنی و سیاسی و نزیک لە ناوەندی بڕیاری حکومەتی عێراقی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاندووە "رێککەوتن کراوە کە کەرکووک لەژێر ئیدارەی حکومەتی  ئیتیحادی بێت و ناوەندی شارەکەش ئیدارەیەکی هاوبەشی هەبێت، بەبێ هیچ رووبەڕبوونەوەیەکی سەربازی و بە چرای سەوزی ئەمریکا".

هاشمی ئاماژەی بەوەشکردووە: "کارەکە بە دیالۆگی نێوان هادی عامری و بافل تاڵەبانی و دانایی عەبادی و پیشەییبوونی یارەڵڵا و سەربازەکان و رژدبوونی قاسم ئەعرەجی لەسەر ئاسایشی دانیشتوانەکەی بووە".

لەبارەی رۆڵی قاسم سولەیمانی، هاشم هاشمی رایگەیاندووە، قاسم سولەیمانی هاوئاهەنگی لەگەڵ بافل تاڵەبانی کردووە.

هاوکات رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشنیازێکیان داوەتە بەغدا بۆئەوەی رێگەبدات سەربازانی حکومەتی ناوەندی لە پاسەوانی سەرۆکایەتی کۆمار بچنە ناوچەی کەرکووک. 

رۆژنامەکە نووسیویەتی "پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بە رێککەوتنەکە رازی نەبووە و چەند کاژێرێک دوای ئەوە هێزێکی گەورەی سوپای عێراق، لەوانەش سەربازانی دژەتیرۆر و پۆلیس و میلیشیاکان پێشڕەوییان کرد".

واشنتن پۆست ئاماژەی بە تویتی قەیس خەزعەلی، سەرۆکی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق کردووە کە دەستخۆشی لەو هێزانە کردووە ئامادە نەبوون شەڕ بکەن.