لە سەرەتای ئەم مانگەوە 15 تەقینەوە لە کەرکووک روویانداوە
رووداو - کەرکووک
لە سەرەتای ئەم مانگەوە زیاتر لە 10 بۆمبی چێندرا و 5 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە کەرکووک تەقیونەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی کەرکووکیش رایگەیاند، لە مانگی رابردوو شەش حاڵەتی رفاندن و 12 حاڵەتی کوشتن تۆمارکراون.
لە دوایین تەقینەوە کە لە کەرکووک لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدرا هەشت کەس برینداربوون،
ئەو ئۆتۆمبێله پێنجەم ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوبوو، کە لە ماوەی 15 رۆژی سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر تەقییەوە، زیاتر لە 10بۆمبی چێندراو و لکێندراویش هەر لەو ماوەیە لە سنوورەکانی پارێزگاکە و ناو شاری کەرکووک تەقیونەتەوە.
پۆلیسی کەرکووک لەبارەی زیادبوونی رووداوەکانەوە رایدەگەیێنن، داعش ئامانجی گەورەتری هەیە لە تێکدانی دۆخی ئەمنی، بەڵام ناتوانن بیپێکن و تاوەکو ئێستاش چەندین کەسیان لێ دەستگیرکراون.
ئەفراسیاو کامیل وەیس، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داعش هەرکات بۆی بڕەخسێت کاری تێرۆریستی دەکات، بەڵام بەهۆی چڕیی ئەم هێزانەی ناو کەرکووک و دابەشبوونیان بەباشی، وایکردووە نەتوانن ئامانجەکانیان بپێکن و سەد لە سەد جێبەجێیبکەن".
کورد تاوەکو پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر بە تەنیا مەلەفی ئەمنی کەرکووکی لەدەستبوو، بەڵام ئێستا تەنانەت ئەندامەکانی فراکسیۆنی برایەتی لە لیژنەی ئەمنی ئەنجوومەن، رێگریان لێدەکرێت بەشداری لەکۆبوونەوەکانی لیژنەی باڵای ئەمنی پارێزگا بکەن.
ئەندامێکی لیژنەی ئەمنی بڕوایوایە هەرچی هێزی عێراق هەیە لەو پارێزگایە کۆبکرێتەوە، ناتوانێت ئاسایش بەرقەراربکات ئەگەر رێککەوتن نەبێ و دەسەڵات بۆ هێزە نێوخۆییەکان نەگەڕێتەوە.
ئەوەی زیاتر لە هەر کاتێک بۆ ئێستا ترسی لای هاونیشتمانیانی کەرکووک دروستکردووە، نیشتەجێبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی دەرەوەی شارەکەیە لەنێو گەڕەکەکان بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت و نازانرێت چۆن و لەکوێوە دێن.
جیا لەتەقینەوەکان، زیادبوونی حاڵەتەکانی دزیکردن و کوشتن یەکێکن لەو مەترسیانەی ئێستا بەدیدەکرێن، بەپێی ئاماری پۆلیسی کەرکووک تەنیا لە مانگی رابردوو 72 حاڵەتی دزیکردن هەبوون، کە تەنیا نۆیان ئاشکراکراون و شەش حاڵەتی رفاندن و 12حاڵەتی کوشتن تۆمارکراون.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن