خوێندنی 12ـی ئامادەیی لە بەشێکی قوتابخانەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەستپێدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسان لە پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێن، بەشێکی قوتابخانەکان دەوامیان بۆ قوتابیانی 12ـی ئامادەیی دەستپێکردووەتەوە. نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژیش دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنیان پێبدات لە ماوەیەکی دیاریکراودا داواکەیان جێبەجێ دەکات، دەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
 
رۆژی دووشەممە (16ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بەشێک لە قوتابخانەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، خوێندن دەستیپێکردووەتەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە پۆلی 12ـی ئامادەییدا دەخوێنن؛ ئامانجەکەش ئەوەیە لە پرۆگرامی خوێندنی ئەمساڵ دوانەکەون."
 
ئەو بەرپرسەی پەروەردەی سلێمانی بە پاساوی ئەوەی؛ نایەوێت لەسەر بایکۆتی مامۆستایان لێدوان بدات، ئامادە نەبوو ناوی ئاشکرا بکرێت و گوتیشی، "قوتابخانەشمان هەیە بە تەواوی دەوام دەستیپێکردووە تێیدا. بۆ نموونە، ئامادەیی رزگاری لە شاری سلێمانی تەواوی قوتابی و مامۆستاکانی دەستیان بە دەوام کردووەتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵا لە پەروەردەی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەوامی قوتابییان لە قوتابخانەکانی شەهید عەبدولڕەحمان، هەڵەبجەی کچان بۆ پۆلی 12 دەستی پێکردووەتەوە. سبەی قوتابخانەکانی ئەحمەد موختار، خورماڵ و سیروانیش دەرگەی قوتابخانەکانیان بۆ قوتابیانی 12ـی ئامادەیی دەکەنەوە."
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەكێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە بەشێکی قوتابخانەکاندا دەوامی قوتابیانی پۆلی 12 دەستیپێکردووەتەوە و مامۆستایان گەڕاونەتەوە قوتابخانەکان؛ بڕیارە ئەمڕۆ پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ زۆرینەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کۆببێتەوە و داوایان لێبکات بگەڕێنەوە قوتابخانەکان و دەوام دەستپێبکاتەوە."
 
کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان لێ بکات بگەڕێنەوە دەوام، دەگەڕێینەوە، بەو مەرجەی کاتێکیان بۆ دیاری بکات بۆ دامەزراندنیان بە گرێبەست.
 
داواکاریی مامۆستایان بۆ کردنەوەی دەرگەی قوتابخانەکان دوو بەشە؛ وانەبێژان داوای دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست دەکەن و داواکاریی مامۆستایانی میلاکیش مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوولە پێکەوە.
 
لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە.
 
13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.