پارتی و یەکێتی لە کارنامەی هەڵبژاردندا جەخت لە چارەسەری کێشەی مووچە دەکەنەوە

رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وەک دوو فراکسیۆنی گەورەی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق، لە کارنامەکانی هەڵبژاردنیاندا جەخت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
 
هەردوو حزبەکە دەیانەوێت لە خولی داهاتووی پەرلەماندا کۆتایی بەو کێشەیە بهێنن، بەڵام بە شێوازی جیاواز.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئێستا خاوەنی 31 پەرلەمانتارە، لە کارنامەکەیدا رایگەیاندووە کە کۆتایی بە بڕینی مووچە دەهێنن. ئەوان دەیانەوێت کێشەکە لەژێر چەتری پەرلەمانەوە و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بکرێت.
 
ئەشواق جاف، سەرلیستی پارتی لە سلێمانی، جەخت لەسەر "لۆبییەکی دیپلۆماسی، یاسایی، سیاسی و ناوخۆیی عێراق" دەکاتەوە، چونکە بە گوتەی ئەو، "ئێمە لە ناو ئەو دەستوورەدا مافمان هەیە." پارتی سەرنجی لەسەر یاسای نەوت و گازە و وەک یەکێک لە رێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکە دەیبینێت.
 
لەلایەکی دیکەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە ئێستا 17 نوێنەری لە پەرلەماندا هەیە، لە کارنامەکەیدا داوای رێککەوتنێکی نووسراو لەگەڵ بەغدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە. یەکێتی پێی وایە کاری لە پێشینەیان چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و بەشە بودجەی کوردستانە، بەڵام بەو مەرجەی رێککەوتنێک هەبێت کە دڵنیایی بدات لەوەی کێشەکە لە داهاتوودا دووبارە نابێتەوە.
 
بڕیار رەشید، بەربژێری یەکێتی لە بازنەی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات: "ئێمە پێمان وایە پابەندبوون بە دەستوور و یاسای بودجە، شەفافییەت لە داهات و پابەندبوون بە رێککەوتنەکان کێشەی مووچە چارەسەر دەکات."
 
لە هەرێمی کوردستانەوە 8 حیزب و 8 بەربژێری سەربەخۆ دەچنە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. پارتی بە 175 بەربژێر لە 7 پارێزگا و یەکێتیش بە 155 بەربژێر لە 7 پارێزگا بەشداری لەم هەڵبژاردنانەدا دەکەن.
 
سەرەڕای جیاوازی لە شێوازی چارەسەرکردنی کێشەکە، هەردوو حیزبەکە یەک ئامانجیان هەیە؛ کۆتاییهێنان بە قەیرانی مووچە و دابینکردنی سەقامگیری دارایی بۆ هەرێمی کوردستان.