41 هاونیشتمانی دوو مانگە لە لیبیا گیریانخواردووە و داوای هاوکاری دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک دەڵێ، کوڕێکی و 40 کوردی دیکە دوو مانگە لە لیبیا گیریانخواردووە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە. داوا دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییان بکەن.
 
محەممەد عەبدولڕەحمان، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکانە بە ناوی دانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوڕەکەم لەگەڵ 20 هاوڕێیدا 30ـی مانگی ئاب کوردستانیان جێهێشت و چوونە لیبا، کۆچبەرەکانی دیکە پێش ئەوان چووبوونە ئەو وڵاتە و ئێستا هەموویان پێکەوەن".
 
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "کوڕەکەم پەیوەندی پێوەکردم و گوتی 41 کەس چاوەڕوانی گەڕاونەوەن، داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەرچی زووە کار بۆ گەڕاندنەوەیان بکەن".
 
12ـی ئەم مانگە، ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 41 کۆچبەری کورد بۆ گەڕاندنەوەیان ئامادەن و ئێستا لە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە رۆژهەڵاتی تەرابلووسن.
 
پاسپۆرتی کاتی بۆ هەر 41 کۆچبەرەکە دەرکراوە و بڕیار بوو هەفتەی رابردوو بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
محەممەد عەبدولڕەحمان گوتی: "راستە پاسپۆرتیان بۆ ئامادە کراوە، بەڵام نازانین بۆ راگیراون و نایاننێرنەوە، زۆر نیگەرانین و داوای هاوکاری بەپەلە دەکەین".
 
ئەم ساڵ چەند جارێک گرووپی دیکەی گەنجانی کورد لە لیبیا دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێت لەو وڵاتەوە خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
 
دوایین کاروانی کۆچبەران لە لیبیا 25 کەس بوون لە 10ـی ئەیلوولی 2025 گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.