لە شنگال ئۆفیسی بەربژێرێکی پارتی سووتێنرا


رووداو دیجیتاڵ

شەوی رابردوو لە سەنتەری قەزای شنگال، نووسینگەی مەحما خەلیل، ئەندامی ئێستای پەرلەمانی عێراق و بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، سووتێنرا. 
 
مەحما خەلیل، بە رووداوی راگەیاند: "کاژێر 12:00ـی شەوی رابردوو چەند کەسێکی نەناسراو ئاگریان لە گۆڕەپانی نووسینگەکەمان لە سەنتەری شنگال بەرداوە. بەهۆی ئەو ئاگرەوە زیانی مادی بەر نووسینگەکەمان کەوتووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە."
 
سەبارەت بە بکەرانی رووداوەکە، مەحما خەلیل گوتی: "نازانین کێ ئەو کارەی کردووە، بەڵام لایەنە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. کەس ناتوانێت رێگری لە بانگەشەی ئێمە بکات. ئەوە ئێستا من لە شنگالم، ئەگەر ئەوەندە بە وێنەکانی من دەترسن، ئەی خۆم لەوێ بم چی دەکەن؟"
 
ئەندامەکەی ئێستای پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، ماوەی دوو ساڵە لە ناحیەی سنوون و سەنتەری شنگال نووسینگەی کردووەتەوە بۆ پێشوازیکردن لە خەڵک و وەرگرتنی داواکارییەکانیان.
 
پێدەچێت سووتاندنی نووسینگەکەی مەحما خەلیل پەیوەندی بە رکابەرییەکانی هەڵبژاردنەوە بێت، بەتایبەت لە ناوچەیەکی وەک شنگال کە دۆخێکی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی هەیە.