هەوڵدەدرێت لەسەر زەویی جووتیارانی سنووری کەرکووک یەکەی نیشتەجێبوون دروست بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

زنجیرەیەک گوندی عەرەبی و کوردی لە باشووری کەرکووک، بەتایبەتی دیبەگ تەپە، رووبەڕووی مەترسیی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان بوونەتەوە لەلایەن سوپای عێراقەوە، بە مەبەستی دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ سەرباز و ئەفسەران.
 
ئەم هەوڵانە نیگەرانییەکی قووڵی لەنێو دانیشتووانی ناوچەکەدا دروست کردووە، بەتایبەتی کە زۆربەی ئەم زەوییانە بەڵگەنامەی فەرمی و گرێبەستی چالاکی کشتوکاڵییان هەیە.
 
لیژنەیەک لەلایەن سوپاوە سەردانی گوندەکانی دیبەگ تەپەی عەرەبی و کوردییان کردووە و دەستیان بە رووپێوکردنی زەوییەکان کردووە، بە نیازن زیاتر لە 1300 دۆنم زەوی گوندی دیبەگ تەپەی عەرەبی دەستبەسەردا بگرن. ئەمەش تووڕەیی دانیشتووانەکەی لێکەوتووەتەوە.
 
حازم مەحموود، موختاری گوندی دیبەگ تەپەی عەرەبی، بە رووداوی گوت: "سوپا هاتوون دەڵێن ئەمە زەوی وەزارەتی بەرگرییە. ئەم گرێبەستانەی سەر زەوییەکان هەیە، هەر لە ساڵی 1940ـەوە بەدەست جووتیارەوەیە، لە باوانمانەوە ماوەتەوە و هەموو گرێبەستەکان نوێکراونەتەوە، گرێبەستەکان نوێکراونەتەوە و کاران."
 
جووتیارانی ناوچەکە جەخت لەوە دەکەنەوە کە هەموو گرێبەستەکانیان کاران و هیچ گرێبەستێک نییە کە کارا نەبێت.
 
ساجد عەبدوڵڵا، جووتیارێکی گوندی دیبەگ تەپەی عەرەبی گوتی: "هەموو گرێبەستەکان کاران، گرێبەستێک نییە کارا نەبێت. کە تۆ دێیت گرێبەستەکان هەڵدەوەشێنیتەوە ئەوە بژێوی خێزانەکانە."
 
ئەم ناوچەیە کە زەوییەکانی بە کاری کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێن، نزیکە لە سەنتەری شارەوە، ئەمەش گرنگییەکەی زیاتر دەکات.
 
لە لایەکی دیکەوە جووتیاران ئاماژە بەوە دەکەن کە لە راپۆرتی لیژنەی کشتوکاڵدا هاتووە کە زەوییەکە بەکاری کشتوکاڵی نایا و هیچی لەسەر نییە، کە ئەمەش ناکۆکی دروست دەکات لەگەڵ بانگەشەکانی سوپادا.
 
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە وەزارەتی بەرگری بڵاوی کردووەتەوە، یەکەی نیشتەجێبوون لەسەر زەوییەکانی هەردوو دیبەگ تەپە و بلاوە و تۆپزاوا و تڕکەلان دروست دەکرێت، بەڵام قۆناخی یەکەم تەنیا لەسەر زەوی هەردوو گوندی دیبەگ تەپەیە.
 
ئیبراهیم خەلیل، موختاری دیبەگ تەپەی کوردی، باسی لەوە کرد: "فۆرمێکیان لابوو دەیانگوت وەرن ئەم فۆرمە پڕبکەنەوە. گەر پڕی بکەینەوە واتا واز لە زەوییەکە دەهێنین، پڕمان نەکردەوە."
 
ساتیع ناسیح، جووتیارێکی گوندی تۆپزاوا، نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: "سوپا لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستەکانیان هەڵبوەشێنێتەوە، زەوییەکان دابەش بکات. ئەمە بووەتە جێگەی نیگەرانی هەموو خەڵکی سنوورەکە."
 
فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک لیژنەیان ناردووەتە سەر زەوییەکە و رایانگەیاندووە کە 26 گرێبەستی کشتوکاڵی یاسایی لەسەر ئەو زەوییانە هەیە.
 
عیسام سەلمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک لەبارەی ئەو زەوییانەوە دەڵێت: "دوای ئاشکراکردنی مەیدانی دڵنیا بووینەوە کە گرێبەستی کشتوکاڵی یاسایی لەسەرە، نزیکەی 26 گرێبەستی لەسەرە بەپێی ماددەی 35. ئێمە دژی هیچ پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان نین، بەڵام رۆڵمان وەک فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک ئەوەیە مافی جووتیارەکان پارێزراو بێت."
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکووک جەختی لەوەش کردەوە کە لە ئەگەری بەکارهێنانی هەر زەوییەک کە گرێبەستی هەبێت، قەرەبوو دەدرێتە جووتیارەکان.
 
لە ساڵانی ڕابردوودا سوپای عێراق بەشێکی زۆری زەوی تۆپزاوایان دەستبەسەردا گرت بۆ دروستکردنی سەربازگە و بارەگا. خەڵک ئەوکات هۆشدارییان دا کە دوای ئەم قۆناخە، هەوڵ هەیە کۆمەڵگە و یەکەی نیشتەجێبوونیش دروست بکرێن و هەرچی زەوییەکیان هەیە بکەوێتە بەر مەترسی داگیرکردن.