کارنامەی کۆمەڵی دادگەری: مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوتای عێراق بکرێت

 
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کارنامەی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە چەند تەوەرێکی جیاواز کراون، کە ئامانجی ئەو حیزبەن بۆ کارکردن لەسەریان لە خولی داهاتووی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەت.
 
لە تەوەری یەکەمدا، کۆمەڵی دادگەری تیشکی خستووەتەسەر دۆسیەی ماف و ئازادییەکان و ئاماژە بەوە دەکات، حیزبەکەیان کار دەکات بۆ، "جێبەجێکردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق و پیادەکردنی ئەو ماددە دەستوورییانەی کە مافەکانی گەلی کوردستان لەخۆدەگرن لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و دارایی، رۆشنبیری و ئیدارییەوە."
 
کۆمەڵ لە کارنامەکەیدا باس لە دادگەری دەکات و لەبارەی دابەشکردنی داهاتی نەوت ئاماژەی بەوە کردووە کە کار دەکەن بۆ، "دیاریکردنی رێژەیەکی گونجاو بۆ هەر تاکێکی عێراقی لە داهاتەکانی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی ساڵانە و، جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا."
 
رێکخستنی داهاتی سامانە سرووشتییەکان و تەواوی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان
 
کۆمەڵی دادگەری رایگەیاندووە، کار دەکەن بۆ "دابینکردنی مافی یەکسان بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و نەهێشتنی هیچ جیاوازییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا."
 
ئەو حیزبە جەخت دەکاتەوە لە جێبەجێکردن و پابەندبوون بە ماددەی دووی دەستووری عێراق، "بۆ پارێزگاریکردن لە پێگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە پرۆسەی یاساداناندا دەکات."
 
هەر لە تەوەری ماف و ئازادییەکاندا، کۆمەڵی دادگەری جەخت لەم خاڵانە دەکاتەوە:
 
- کارکردن بۆ چەسپاندنی بنەمای سازان و هاوسەنگیی سیاسی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراقدا، بۆ پشتگیریکردنی ئاشتیی ناوخۆیی و دیالۆگی نیشتمانیی، بە جۆرێک کە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق بە شێوەیەکی دادگەرانە مسۆگەر بکات.
 
- پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رۆژنامەڤانی و رادەربڕین و دەستخستنی زانیاری لە چوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکاندا.
 
- پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق لە دەستوەردانی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی.
 
- پاراستنی پرەنسیپی دراوسێیەتی و پەیوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ وڵاتاندا، لەسەر بنەمای بەره وژەوەندیی هاوبەش.
 
- کارکردن بۆ کاراکردنی رۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران و پاراستنی لە هەژموونی حیزبی و تائیفی و هەر دەستوەردانێکی دیکە.
 
- رێکخستنی داهاتی سامانە سرووشتییەکان و تەواوی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، بە شێوەیەک هاووڵاتییان بە دادپەروەری سوودمەندبن لێیان.
 
- دابینکردنی مافی یەکسان بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و نەهێشتنی هیچ جیاوازییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا.
 
- هەوڵدان بۆ کۆدەنگی فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەرامبەر پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان و دروستکردنی گوتارێکی سیاسیی هاوبەش.
 
- ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیدا و دوور لە ساختەکاری و دەستوەردان.
 
هاوتاکردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق
 
لە تەوەری دووەمی کارنامەکەدا، کۆمەڵ باس لە هاووڵاتیبوون و بنەماکانی دەکات و دەڵێت، "هاووڵاتیبوون ببێتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی مەدەنی و دامەزراوەیی خزمەتگوزار."
 
هەروەها، "رێگری کردن لە سزادانی سیاسی و کۆتاییهێنان بە چەوساندنەوە و ستەملێکردن لەسەر بنەمای ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی و کەمایەتییەکان."
 
ئەو حیزبە جەختیش لە کارکردنیان بۆ هاوتاکردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق دەکاتەوە.
 
لە درێژەی تەوەرەکەدا ئەم خاڵانەش ئاماژەیان پێکراوە:
- کارکردن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی پرۆسەکانی (بەناو ئەنفال و کیمیاباران و جینۆساید) و راگواستنی زۆرەملێ لە شار و گوندەکانی کوردستان.
 
- گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە تەندروستی و فێرکارییەکان بێبەرامبەر بۆ هاووڵاتیان.
 
- هاندانی پێکهێنانی خێزان و پێدانی پێشینەی هاوسەرگیریی گونجاو.
 
-  کارکردنی حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان و پەیڕەوی کردن لە هەر گۆڕانکارییەکی دیموگرافی لەژێر سایەی چەک و پارە و دەسەڵاتدا.
 
- دەستەبەرکردنی مافی زیندانیانی سیاسی و شەهیدان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی دەستی هێزە فرەنەتەوەییەکان و قوربانییانی تیرۆر لە عێراقدا.
 
- دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت بە جۆرێک بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بپارێزرێت.
 
- هاوتاکردنی نرخی نەوت و گاز و کارەبای هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق.
 
- هاوتاکردنی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق و پێدانی ئەو قەرز و پێشینانەی کە بە فەرمانبەرانی عێراق دەدرێت بەبێ سوودی بانکی.
 
- بەبانکیکردن (تەوتین کردن)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاکو بتوانن بە ئاسانی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن.
- دەرهێنانی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ململانێکانی حکومەتی هەرێم و عێراق تاکو زەرەرمەند نەبن و وەک فەرمانبەرانی تری عێراق مووچەکانیان لەکاتی خۆیان وەربگرن.
 
رەچاوکردنی مافەکانی هێزی پێشمەرگە
 
کۆمەڵ باس لە دادگەری دەکات لە کارنامەکەیدا و لەبارەی دادگەری لە دابەشکردنی داهاتی فرۆشتنی نەوتدا ئاماژەی بەوە کردووە، کار دەکەن بۆ، "دیاریکردنی رێژەیەکی گونجاو بۆ هەر تاکێکی عێراقی لە داهاتەکانی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی ساڵانە و، جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا."
 
هەروەها، "رێکخستنەوەی سوپای عێراقی لەسەر بنەمای نیشتمانیی دوور لە بنەمای تائیفی، بە رەچاوکردنی مافەکانی هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا."
 
لە تەوەری دادگەریدا ئەم خاڵانەش باس کراون:
 
- پارێزگاریکردن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی و دوورخستنەوەی هەژموونی حیزبی و تائیفی لەسەری.
 
- رێگرتن لە دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی لەلایەن هێز و بەرپرسانەوە.
 
- رەچاوکردنی دادگەری لە مووچەدا و چاوخشاندنەوە بە یاساکانی پێدان و رێکخستنی مووچە لەهەموو ئاستەکان لە عێراقدا.
 
- بەرەوپێشبردنی ئاستی بژێوی و گوزەرانی فەرمانبەران و پێشخستنی پرۆگرامەکانی خوێندن بە نوێترین زانیارییەکانی سەردەم و سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆجیای پەروەردە و فێرکردن.
 
بەردەستبوونی داتا و زانیارییە گشتییەکانی داهات
 
کۆمەڵی دادگەری لە باسی شەفافییەتدا دەڵێت، کار دەکەن بۆ دروستکردنی هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لیژنەکان دا.
 
هەروەها رایگەیاندووە، کار دەکەن بۆ، "دەرکردن و پشتیوانی کردنی ئەو یاسایانەی دەبنە هۆی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئیداری، سیاسی و دارایی و، پشتگیری کردنی دەستەی دەستپاکی لە راپێچکردنی گەندەڵکاران بۆ بەردەم دادگە."
 
کۆمەڵی دادگەری جەخت لە دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە بەدواداچوونی بەدەستهێنانی سەروەت و سامانی نایاسایی بەرپرسان دەکاتەوە؛ لەگەڵ، "بەردەستبوونی داتا و زانیارییە گشتییەکانی داهات و خەرجی و گرێبەست و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بۆ رای گشتی."
 
هەروەها دەڵێت، کار دەکەن بۆ داڕشتنەوەی پێکهاتەی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەسەر بنەمای پسپۆڕی و لێهاتوویی؛ "نەک لەسەر بنەمای پشک و بەرکەوتەی حیزب."
 
رێگرتن لە قۆرخکاری بازاڕ و رێکخستنی کێبڕکێی ئازاد
 
بەگوێرەی کارنامەکەیان، کۆمەڵی دادگەری لە پرسی خۆشگوزەرانیدا کار دەکات بۆ، "فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووریی عێراق بۆ ئەوەی جگە لە نەوت، کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانیش بگرێتەوە."
 
هەروەها، "کارکردن بۆ چاکترکردنی بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی کەمدەرامەتەکان لە رێگەی هاریکاری میری و پەرەپێدانی توانای تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی پڕۆژەی نیشتەجێکردن بۆ هەژاران."
 
ئەم خاڵانەش لە تەوەری خۆشگوزەرانیدا باس کراون:
 
- هەوڵدان بۆ چەسپاندنی دادگەری کۆمەڵایەتی بە چاککردنی بارودۆخ و گوزارەنی خاوەن پێداویستییەتایبەتەکان، خانەنشینان، بێ هاوسەران و بێسەرپەرشتان و فەراهەمکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆیان.
 
- هاندانی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە بوارەکانی ژێرخانی ئابووری، بەتایبەت لە رووی کشتوکاڵ و پیشەسازییە خۆماڵییەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانەوە، لەگەڵ پاراستن و چاککرکردنی ژینگەی عێراق.
 
- گرنگیدان بە ژینگەی عێراق و هەرێمی کوردستان و بەرەپێشبردنی بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشوهەوا کەم بکرێنەوە.
 
- لادانی هەموو جۆرە سوویەک لە مامەڵە بانکییەکان و ئەو قەرزانەی بە هاووڵاتییان دەدرێن.
 
- بەرەنگاربوونەوەی بێکاری و راهێنانی بێکاران و دابینکردنی هەلی کار بۆیان.
 
- پشتگیریکردن و کارکردن بۆ دەرچوواندنی ئەو یاسایانەی کە رەهەندی نیشتمانییان هەیە لە پەرلەمانی عێراق و کاریگەرییان دەبێت لەسەر خۆشگوزەرانی زیاتری دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
 
- رێگرتن لە قۆرخکاری بازاڕ و رێکخستنی کێبڕکێی ئازاد و دەرهێنانی دەستی حیزب تێیاندا.
 
کاراکردنی رۆڵی ئافرەت و رەخساندنی دەرفەت بۆیان
 
کۆمەڵی دادگەری لە کارنامەکەیدا رایگەیاندووە، کار دەکەن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە لەسەر بناخەی دادپەروەری لەگەڵ هەموو نەتەوە و ئایین و ئاینزاکانی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان.
 
لەگەڵ "بەرجەستەکردن و مسۆگەرکردنی مافەکانی تورکمان، ئاشووری، کلدان و سریان و کەمەنەتەوەییەکانی دیکە لە عێراق بەپێی یاسا و کاراکردنی رۆڵی ئافرەت و رەخساندنی دەرفەت بۆیان، تاوەکو بتوانن ئەرک و رۆڵی کارای خۆیان لە کۆمەڵگە دا ببینن."
 
لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەو حیزبە دەڵێت، هەوڵی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق دەدەن؛ "بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و بەدواداچوون بۆ یەکلایی کردنەوەی دۆسیەکانیان."
 
دەشڵێت، کار دەکەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ناوچە جێناکۆکەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و پارێزگا پەیوەندیدارەکان و، "قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی هاووڵاتییانی کوردی خورماتوو و سەرجەم ناوچەکانی دیکە کە بەهۆی رووداوەکانی 2017ەوە بەریان کەوتووە."
 
کۆمەڵی دادگەری باسی لەوەش کردووە، کار دەکەن بۆ گێڕانەوەی زەوی و زاری جووتیارانی کوردی ناوچەی مادەی 140 بە گشتی و ناوچەکانی سەرگەڕان و حەفتەغار بەتایبەتی، "کە بەهۆی سیاسەتی تەعریبی رژێمی لەناوچووەوە لێیان داگیرکرابوو."