کەسێک لە ئیلام برایەکی خۆی کوشت
رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە ئیلام دوای ئەوەی برای خۆی دەکوژێت، دەستگیر دەکرێ. بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ئیلام دەڵێت، رووداوەکە بەهۆی کێشەیەکی خێزانییەوە بووە و بکوژ دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
ئێوارەی شەممە 15-11-2025، خوداداد رەشیدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی زانیاریی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان دۆزینەوەی تەرمێکی لە نزیک یەکێک لە گوندەکانی سەر بە ناوەندی پارێزگاکە راگەیاند.
خوداداد رەشیدی گوتی، دوای دۆزینەوەی تەرمەکە، تیمەکانیان بە هاوکاریی دادپزیشکی، دەستیان بە شیکاری و بەدواداچوون بۆ هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کەسە کردووە و توانیویانە ناسنامەکەی بدۆزنەوە.
وەک بەڕێوەبەری پۆلیسی زانیاریی ئیلام ئاماژەی دا، شیکاریی دادپزیشکی بۆ تەرمەکە دەریخستووە ئەو کەسە کوژراوە.
خوداداد رەشیدی ئەوەشی خستەڕوو، دوای بەدەستهێنانی هەندێک بەڵگەی پێویست، برایەکی تەمەن 64 ساڵانی کوژراوەکەیان دەستگیر کردووە کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا، دانی بە کوشتنی براکەیدا ناوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی زانیاریی پارێزگای ئیلام، بکوژ هۆکاری کوشتنی براکەی بۆ کێشەیەکی خێزانیی نێوانیان گەڕاندووەتەوە.
لە ئێران زانیاریی ورد لەبارەی کوشتنی بەئەنقەست بەردەست نییە، بەڵام بەگوێرەی ئامارەکانی دادپزیشکیی وڵاتەکە، لە 21-03-2024ـوە تاوەکو 21-03-2025، 581 هەزار و 941 کەس بەهۆی شەڕ، برینداربوون، بێسەروشوێنبوون یان کوژرانی کەسوکاریان، سەردانی دادپزیشکییان کردووە.