مەسرور بارزانی: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی مووچەی ئەم مانگە و مانگەکانی دیکە نییە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی مووچەی ئەم مانگە و هەموو مووچەکانی دیکە، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێکردووە."
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە بەردی بناخەی کارگەی پاککردنەوەی ئاوی هەولێری دانا. 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداو لەبارەی دواکەوتنی مووچەی مانگی 9، گوتی، "دواخستنی ناردنی مووچە هیچ پاساوێکی نییە چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ دابینکردنی ئەو بەشەی دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ کردووە و هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی."
 
فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ تەنیا 8 مووچەیان وەرگرتووە، بەگوێرەی زانیارییەکانی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا، ئەگەر ئەم هەفتەیە هەرێمی کوردستان 120 ملیار داهاتی نانەوتی بنێرێت، هەفتەی داهاتوو بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت. 
 
مەسرور بارزانی لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش قسەی کرد و گوتی، "دەمانویست دوای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی کارا و هەمەلایەن پێبکبێت."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق "هەلومەرجێکی جیاواز هاتووەتە پێشەوە و لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ."
 
لەبارەی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانیش ئاماژەی بەوە دا، "گفتوگۆکان هەر بەردەوام بوون و نەمانوەستاندوون، بەڵام هەلومەرجی نوێ هاتووەتە پێشەوە و بەپێی ئەو هەلومەرجانە گفتوگۆ دەکەین."
 
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 20-10-2024 کرا. تاوەکو ئێستا لایەنەکانی بەشدار لە حکومەت، لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ پێکنەهاتوون.

 

دەقی گوتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
 
ئەمڕۆ بەردی بناخەی پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین کە وێستگەی چارەسەرکردن و پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆیە. کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوکاریی کۆمپانیای (ئاوزان) ئەنجامی دەدات.
 
هەروەها بریارە یەکێک لەو هەشت یەکەیەی كە لەم پرۆژەیە بە سوپاسەوە لەلایەن ئاژانسی (جایکا)ی ژاپۆنی جێبەجێ بکرێت، هەروەك دیارە ئەم پرۆژەیە لە هەشت یەكە پێكهاتووە، یەكێك لەو یەكانە هیوادارین كە ئاژانسی (جایكا)ی ژاپۆنی جێبەجێی بكات و هیوادارین لە كاتێكی زوودا ئەوانیش دەست بە كارەكانیان بكەن.
 
ئەم پڕۆژە گرنگ و ناوازەیە، ڕێگریی لە تێکەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوی ژێر زەوی و پیسبوون و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاو دەکات. یارمەتیی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات چونکە ئاوەکە پاش چارەسەرکردن و پاڵاوتنی، دووبارە بەکار دەهێنرێتەوە، بەمەش تا ئاستێکی زۆر، فشار لە سەر ئاوی ژێر زەوی کەم دەکات.
 
ئەمڕۆ ئاو لە عێراق و ناوچەکەدا، بووەتە خەم و کێشەیەکی گەورە. بۆیە ئێمە زووتر دەستمان بە چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە بواری دابینکردن و پاراستنی ئاو و ژینگەپارێزی کرد وەک دروستکردنی بەندا و پۆند و گەیاندنی ئاو بۆ ناو شارەکان و ناوچەکانی دەوروبەری.
 
ئەم پڕۆژەیە، باشترین سەرچاوەیە بۆ ئاودێریی پارک و سەوزایی. هەروەها دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ گشت پلانەکانمان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر، لەوانەش پاڵپشتیکردنی هەردوو پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی و ڕێرەوی ژیان و هەموو پارکەکانی دیکە، کە کاریگەریی باشی لە بواری دابینکردنی زیاتری ئاو و پاراستنی ئاوی ژێر زەوی و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی و تەندروستی شارەکانمان دەبێت. بەرنامەشمان هەیە پڕۆژەی هاوشێوە لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنجام بدەین.
 
ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە هەموو ئەو پڕۆژانە ئەوەیە کە بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییانی خۆمان بکەین و ئاستی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرەو قۆناخێکی پێشکەوتووتر و باشتر ببەین و لە رووی ژینگەپارێزیش رێگا لە پیسکردنی ئاوی پاک و رووبارەکان بگرین و ئەم پرۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی پاک و خاوێنیی سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگاکانی تری عێراق بە گشتی كە دەكەونە سەر ڕێڕەوی ڕووبارەكان، بە تایبەتی رووباری دیجلە.
 
ئێمە پلان و پڕۆژەی زۆر زیاتر و گرنگترمان بۆ هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان هەیە و گەشبینین کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، کوردستان وەرچەرخانێکی دیکە لە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت.
 
پێش ئەوەی بێینە ئێرە، من بە ڕێگەیەكدا دەهاتم، بە شەقامێكدا دەهاتم كە بەڕاستی شەقامێكی گونجاو نییە و لێرەوە دەمەوێ بە جەنابی وەزیر بڵێم كە پەلە بكەن لە دروستكردنی ئەم شەقامە، بۆ ئەوەی خەڵكی ئەم ناوچەیەش بتوانن سوودمەند بن لە باشتركردنی شەقامەكان و كارە خزمەتگوزارییەكان.
 
لە كۆتاییدا من جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەكتان دەكەم، هەر شاد و تەندروست بن و كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.