دیبەیت؛ هیچ کەس بە 'قبووڵ خاس' و بەدەر لە یاسا لە خوێندنی باڵا وەرگیراوە؟
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان داکۆکی لە کار و پلانی وەزارەتەکەی دەکات و باس لەوە دەکات، هیچ بڕیارێکی لە دەرەوەی یاسا و دەسەڵاتی خۆی نەداوە. لەبەرامبەردا سەرۆکی دامەزراوەی (پەی) دەڵێ، لە بەشێکی بڕیارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا نادادپەروەری هەیە و هێشتا خوێندکار هەیە بە قبووڵ خاس وەردەگیرێ.
لە دیبەیتێکی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی کرد، د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردنەوە کە باس لە وەرگرتنی تایبەت (قبووڵ خاس) و کاری نایاسایی دەکەن. لە بەرامبەردا، د. سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی دامەزراوەی (پەی) بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، بە بەڵگەی ژمارەیی و ئاماژەدان بە دۆسێی وەرگرتنی خوێندکاران بە نووسراوی "موختار" و گۆڕانکاری بەردەوامی رێنماییەکان، جەختی لە تۆمەتەکان کردەوە.
وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند، لە ماوەی دەسەڵاتی ئەودا "هیچ خوێندکارێک بە قبووڵ خاس وەرنەگیراوە." د. ئارام محەممەد داوای لە هەموو ئەو لایەنانە کرد کە ئەو تۆمەتانە دەوروژێنن، بە بەڵگەوە بچنە دادگا و رایگەیاند کە "لە ماوەی دەسەڵاتی مندا نووسراو بۆ یەک خوێندکاریش نەکراوە بۆ وەرگرتنی بە قبووڵ خاس."
لە وەڵامی ئەم لێدوانەدا، د. سەروەر عەبدولڕەحمان گوتی: "وەرگرتنی تایبەت لە زانکۆکان ماوە و هەیە، سەدان کەس بە قبووڵ خاس وەرگیراون؛" و ئاماژەی بەوەدا کە "سەدان کەس بەدەر لە مەرجەکان لە زانکۆکان وەرگیراون." د. سەروەر گوتی: "قوتابی بە نمرەی 7.5 لە خوێندنی باڵا وەرگیراوە" و هەروەها "بە نووسراوی موختار قوتابی لە زانکۆ وەرگیراوە."
یەکێکی دیکە لە مژارە سەرەکییەکانی دیبەیتەکە دۆسیەی وەرگرتنی ئەو خوێندکارانە بوو کە لەسەر کورسیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان وەرگیراون، بەڵام دانیشتووی ئەو ناوچانە نین.
د. ئارام محەممەد لەو بارەیەوە قسەی کرد: "ئەو کەسانەی بە ناوی خەڵکی ناوچە دابڕێندراوەکانەوە وەرگیراون و خەڵکی ئەوێ نین دەبێت بدرێنە دادگە." ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەدا کە وەزارەت دەرفەتی خوێندنی بۆ خەڵکی کەرکووک رەخساندووە لە هەرێمی کوردستان بخوێنن، بەڵام وەرگرتنی نایاسایی رەتدەکاتەوە.
بەڵام د. سەروەر عەبدولڕەحمان سوور بوو لەسەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆر کەس بەو شێوەیە وەرگیراون و رایگەیاند: "سەدان قوتابی بە ناوی خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانەوە لە زانکۆکان وەرگیراون، بێ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بن."
د. سەروەر هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی پلان وەرگیراون زۆر زیاترە، هەروەها زیاتر لە 4 هەزار کەس وەک وانەبێژ دانراون، ئەمەش گرفتی بۆ پلانی وەرگرتن دروست کردووە و "کەسانێکی زۆر بەبێ ماف لە خوێندنی باڵا وەرگیران."
وەزیری خوێندنی باڵا لە وەڵامی ئەو ژمارە زۆرەدا ئاماژەی بەوەدا کە "ئەو 4 هەزار کەسەی بە ناوی وانەبێژ دانراون پێشتر مووچەیان هەبووە" و گوتی: "دەزگای چاودێری هەموو دونیا بێت، خاڵێکی نایاسایی لەمن نادۆزێتەوە."
سەبارەت بە گۆڕانکاریی بەردەوام لە رێنماییەکانی وەزارەت، د. سەروەر عەبدولڕەحمان رایگەیاند، لە 6 مانگدا "6 جار رێنمایی وەزارەتی خوێندنی باڵا هەموارکراوەتەوە،" ئەمەش نیشانەی ناسەقامگیرییە لە بڕیارەکانی وەزارەت؛ هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە بەهۆی ئەم دەستکاریکردنەی پلانی وەرگرتن، هەندێک زانکۆ پابەندی بڕیارەکانی وەزارەت نەبوون.
بەڵام د. ئارام محەممەد رێنماییەکان وەک کاری ئەنجوومەنی وەزارەت بە مافێکی یاسایی باس دەکات و دەڵێ: "دەرکردن و گۆڕانکاری لە رێنماییەکان کاری ئەنجوومەنی وەزارەتە. رێنماییەکان هیچ گرفتێکیان تێدا نییە."
لە دۆسیەی وەرگرتنی خوێندنی باڵا (ماستەر)، وەزیری خوێندنی باڵا رەتیکردەوە کورسی بۆ خوێندنی ماستەر زیاد کرابێ و رایگەیاند، هەموو کەس "بە گوێرەی پلان و رێنماییەکان" وەرگیراوە. لە بەرامبەردا، د. سەروەر عەبدولڕەحمان جەختی لەسەر بوونی نادادپەروەری کردەوە و گوتی، تەنانەت خوێندکار هەیە کە "دەفتەری سپی داوە لە خوێندنی ماستەر وەرگیراوە."
وەزیری خوێندنی باڵا باسی لەوە کرد کە چەندین سەرۆک زانکۆ و راگر هەن پابەندی هیچ حیزبێک نین، ئەمەش لە وەڵامی ئەو رەخنانەدا هات کە باس لە حیزبیبوونی پۆستە باڵاکانی وەزارەت دەکەن.