بەرپرسێکی کۆمەڵ: گەڕاندنەوەی مافەکانمان مەرجی بەشداریمانە لە پەرلەمانی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری دەڵێ، لەسەر بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بە مەرجێک ئامادەن بگەڕێنەوە پەرلەمان کە ''مافەکانمان بۆ بگەڕێننەوە".
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-11-2025، عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەگەڵ بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد کە 20ـی تشرینی یەکەمی پار کرا و رایگەیاند: ''بە بەڵگەوە بۆ هەموو لایەکمان روون کردەوە و سەلماندمان کە ساختەکاریی گەورە کراوە.''
کۆمەڵی دادگەریی کورستان 3 کورسی لە هەڵبژاردنەکەدا بەدەستهێنا، بەڵام بایکۆتی پەرلەمانی کرد. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵ گوتی: ''هێشتا لەسەر هەمان بۆچوونین.''
زیاتر لە ساڵێک بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئیستا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکنەهاتووە. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری لەبارەی ئەگەری بەشداریکردنیان لە حکومەت دەڵێت: ''کاتێک بەشداریی پەرلەمان ناکەین، چۆن بەشدار بین لە حکومەت؟''
عەبدولستار مەجید باس لەوە دەکات، گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و بەشداریکردنیان لە حکومەت دەکرێ ببێتە بابەتێکی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان و رایگەیاند: ''ئەو لایەنەی داوا لە کۆمەڵ دەکات، با بێت ئێمە دەیسەلمێنین کە چەندە مافمان خوراوە. دەرگەی گفتوگۆ دانەخراوە، بەو مەرجەی مافەکانمان بگەڕێندرێنەوە و ئێمەش قەناعەت بە دەنگەرانی خۆمان بهێنین و بڵێین، دەنگەکانتان بەفیڕۆ نەچوون و مافەکانتان وەرگیرایەوە.''
9ـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت و دوو رۆژ دواتر، دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو کە بەگوێرەی ئەنجامە بەراییە فەرمییەکانی کۆمیسیۆن، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان یەک کورسی بەدەستهێنا.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری سەبارەت بە بۆچوونیان لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە گوتی: ''مەکتەبی هەڵبژاردن راسپێردراوە بەدواداچوون بکات، دواتر راپۆرتێک پێشکێشی سەرکردایەتی دەکرێ. دوای ئەوەی ئەنجامی کۆتایی بە فەرمی راگەیێندرا، سەرکردایەتی لەوبارەوە قسەی خۆی دەکات.''
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا ژمارەی دەنگەکانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کەمی کرد. بەگوتەی عەبدولستار مەجید، ''بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نزیکەی 14 هەزار دەنگمان کەمتر بەدەستهێناوە.''
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ئاماژەی بە هۆکاری کەمبوونی دەنگەکانیان کرد و گوتی: ''ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە بێت، بڕیارمان داوە بە خۆماندا بچینەوە، هەرچی پەیوەندی بە هەڵبژاردنیشەوە هەبێ کە چی کراوە و چی نەکراوە، دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بڕیاری خۆمان دەدەین.''
ئەمڕۆ جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیێندرێ و رۆژی دواتر کۆمیسیۆن دەرگەی تانەلێدان بۆ 3 رۆژ لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی دەکاتەوە و دواتر بۆ 7 رۆژی دەوام، جگە لە رۆژانی پشوو، سەرقاڵی یەکلاییکردنەوەی تانەکان دەبێت.