شارەوانیی بەردەڕەش: نزیکەی 4 هەزار پارچە زەویمان بۆ دابەشکردن تەرخانکردوون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێ، لە 4 ساڵی رابردوودا بە گوژمەی زیاتر لە 8 ملیار دینار چەندین پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە بوارەکانی رێگەسازی و ئاوەڕۆ لەنێو قەزاکە جێبەجێکردوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 4 هەزار پارچە زەوییان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا تەرخانکردوون.
سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش، ئەمڕۆ یەکشەممە میوانی بەرنامەی (مژار)ی رادیۆی رووداو بوو و رایگەیاند، ئەم ساڵ شەقامێکیان لە گەڕەکی بەردەڕەشی بچووک تەواوکردووە بە درێژی 2 کیلۆمەتر کە پێویستییەکی زۆری دانیشتووانی ئەو گەڕەکەیە؛ هەروەها بە درێژایی نزیکەی 600 مەتر، ئاوەڕۆیەکی سندووقیییان دروستکردووە کە زیاتر لە 300 ماڵ لە مەترسیی لافاو دەپارێزێ، لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی 16 کۆڵان لە گەڕەکە جیاوازەکانی قەزاکە.
لەبارەی تێچووی پرۆژەکان، سیروان حەسەن گوتی: "لە 4 ساڵی رابردوودا 8 ملیار دینار لە 8 پڕۆژەی جیاوازدا خەرج کراوە. ئەو پڕۆژانە لە گەڕەکەکانی خێلەکی، سەنتەری قەزا، بەردەڕەشی بچووک، ئەیلوول و رزگاری بوون و بەو جۆرەش زۆرترین دانیشتووان لێیان سوودمەندبوون."
سەرەڕای ئەو پڕۆژانە، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێ، قەزاکەی هێشتا پێویستی بە بودجەیەکی زۆر زیاترە و گوتی: "نزیکەی 33 گەڕەکمان هەیە. بەردەڕەش پێویستی بە 2 تا 3 هێندەی بودجەی ئێستایە، چونکە قەزایەکی نوێیە و ژمارەی دانیشتووانەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە."
سیروان حەسەن لەبارەی سەوزاییش قسەی کرد و گوتی: "لە پێنج ساڵی رابردوودا هەوڵمانداوە هاوتەریب لەگەڵ پرۆژەکان، پرۆژەی پارک و سەوزاییش جێبەجێ بکەین و نەمام و داری زیاتر بچێنین."
سەبارەت بە کێشەی ئەو گەڕەکانەی لە ساڵانی رابردوودا بەشێوەی زێدەڕۆ دروستکراون، سەرۆکی شارەوانیی بەردەرەش دەڵێ، نەخشەی پەسندکراو بۆ گەڕەکی 730 و ئەو ناوچانە ئامادەکراوە کە لەرابردوودا بەزێدەڕۆ دروستکراون؛ گوتیشی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 1700 داواکاری تاپۆکردنی خانووی زێدەڕۆ بەپێی یاسای تۆمارکردن و بەناوکردنی خانووە زێدەڕۆکان پێشکێشکراوە و لە رێکارە کارگێڕیی و یاساییەکاندایە.
بەشێک لە دانیشتوانی بەردەڕەش گلەیی لە خراپی شەقامی ناوداران دەکەن کە دەکەوێتە بەردەم پەیمانگەی تەکنیکی بەردەڕەش. سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش گوتی، پڕۆژەی تەواوی بۆ ئامادەکراوە کە دروستکردنی جووتسایدیش دەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە دواکەوتووە.
لەبارەی ئامادەکارییەکانی شارەوانیی بەردەڕەش بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، سیروان حەسەن گوتی، کارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە قۆناخی کۆتاییدایە و "نزیکەی 2000 دۆنم زەویمان تەرخانکردووە کە پێویستمان بە نزیکەی 4000 پارچە زەوی دەبێت بۆ ئەوەی هیچ فەرمانبەرێک بێبەش نەبێت؛" ئاماژەی بەوەشکرد: "شوێنی ئەو زەوییانە لەنێو سنووری شارەوانیدایە و هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر شوێنەکەیاندا نەهاتووە."