هاونیشتمانییەک لە رانیە: 10 رۆژە کوڕێکم لە نۆکەندی ئینگلیز بێسەروشوێنە

 
رووداو دیجیتاڵ 

هاونیشتمانییەکی خەڵکی رانیە دەڵێت، نزیکەی 10 رۆژە کوڕەکەم لەگەڵ 100 کۆچبەری دیکە ویستوویانە دەربازی بەریتانیا ببن و چووپەکەیان تەقیوە؛ تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2025، رزگار حەمەڕەشید، هاونیشتمانییەکی نیشتەجێی رانیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوڕەکەم لە 14ی 7ی 2025ەوە هەرێمی کوردستانی جێهێشتووە؛ تاوەکو 6ی 11ی 2025 لە فەرەنسا بووە و هەواڵیمان زانیوە."
 
شوان رزگار حەمەڕەشید، تەمەنی 23 ساڵە و هاوژینی پێکنەهێناوە؛ بە گوتەی باوکی، لەگەڵ 100 کۆچبەری دیکە ویستوویانە لە نۆکەندی ئینگلیز بپەڕنەوە و بچنە بەریتانیا؛ بەرەبەیانی 6ی 11ی 2025 بەڕێکەوتوون و کاژێر 9:15 بەیانی چووپەکەیان تەقیوە.
 
رزگار حەمەڕەشید دەشڵێت، ژمارەیەک کوردی دیکەی لەگەڵ بووە، قسەمان لەگەڵیان کردووە؛ بەڵام کەسیان هەواڵی نازانن؛ گوتوویانە کە چووپەکەمان تەقی کەس ئاگای لەوەی دیکە نەما و هەرکەس خەریکی دەربازکردنی گیانی بووە.
 
 
لەبارەی چارەنووسی ئەو کوردانەی لەگەڵ شوان رزگار بوون، باوکی شوان روونیکردەوە، "دوای ماوەیەک پۆلیسی فەرەنسا فریایان کەوتووە و رزگاری کردوون، بەڵام ئەو کوردانەی لەگەڵی بوون دەڵێن نازانین شوان چی بەسەر هاتووە و لە کوێیە."
 
شوان رزگار دوو خوشک و برایەکی دیکەی هەیە؛ باوکیان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوەکان دەکات، بەهانای خۆی و کوڕەکەی بچن بەڵکو سۆراخێکی کوڕەکەی بۆ بکەن و بیدۆزنەوە.