بۆ یەکەم جار بە سیستمی ئەلیکترۆنی تیروپشک بۆ حەج دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ تیروپشک بۆ نزیکەی 90 هەزار کەس دەکرێت، تاوەکو لەنێویاندا زیاتر لە پێنج هەزار کەس هەڵبژێرن و بتوانن فەریزەی حەج بەجێبگەیێنن. وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە تیروپشکەکە ئەنجام دەدات.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی وردەکاریی پڕۆسەکەی ئاشکرا کرد و بە رووداوی راگەیاند، 89 هەزار و 893 کەس داواکارییان پێشکەش کردووە.
نەبەز ئیسماعیل گوتی، ئەو کەسانە رێگەی 62 هەزار و 695 فۆڕمی جیاوازەوە داواکارییان پێشکێش کردووە، چونکە هەندێک فۆڕم بۆ یەک کەس و هەندێکی دیکە بۆ دوو، سێ، یان زیاتر بووە.
پڕۆسەیەکی شەفاف و ئەلیکترۆنی
تیروپشکەکە ئەمڕۆ کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و پڕۆسەکەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم پڕۆسە نوێیە لەسەر داوای عەرەبستانی سعوودیە بووە، کە داوایان کردووە پڕۆسەی ناونووسین و تیروپشک پێش کۆتاییهاتنی ساڵ تەواو بکرێت بۆ رێکخستنی کاروباری ئیداری.
پشکی پارێزگاکان و وردەکاریی ژمارەکان
کۆی گشتیی 5125 شوێنەکە تەنیا بۆ حاجییان نییە، بەڵکو لیژنەی پزیشکی، سەرپەرشتیاری کۆمپانیاکان، رێنماییکارانی ئایینی (مرشد) و ستافی ئیداریشی تێدایە. نەبەز ئیسماعیل گوتی: "هەوڵمان داوە کەمترین ژمارە بۆ ستافی ئیداری و خزمەتگوزاری تەرخان بکەین، تاوەکو زۆرترین دەرفەت بۆ هاووڵاتییان بڕەخسێت."
پشکەکان بەپێی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکان دابەش کراون:
فرۆشتنی ناوی حەج قەدەخەیە و تەنازول تەنیا بۆ کەسی پلە یەک دەبێت
لە درێژەی وردەکارییەکانی پڕۆسەی تیروپشکی حەجدا، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، چەندین رێنمایی گرنگ و یاسایی خستەڕوو، کە دەبێت پابەندی بکرێن. ئیسماعیل روونیکردەوە کە سیستمە ئەلیکترۆنییەکە پێنج جۆر گرووپی بۆ ناوتۆمارکردن لەخۆگرتبوو، لەوانە (پیاوی تەنیا، ئافرەتی تەنیا، پیاو لەگەڵ مەحرەم و گرووپی خێزانی). یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی سیستمەکە ئەوەیە، کە ئەگەر گرووپێک پێکەوە ناویان تۆمار کردبێت و ناویان لە تیروپشکدا دەرچێت، ئەوا هەموو ئەندامانی گرووپەکە پێکەوە مافی چوون بۆ حەج بەدەست دێنن.
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف جەختی لەسەر رێکارە تایبەتەکان بۆ ئافرەتان کردەوەو گوتی، "سیستمەکە رێگەی نەداوە ئافرەتانی خوار تەمەنی 45 ساڵ بە تەنیا ناوی خۆیان تۆمار بکەن و مەرج بووە کە لەگەڵ مەحرەمێکی پلە یەکدا بن، وەک (باوک، برا، مێرد، مام، یان خاڵ). بەڵام ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان لەسەروو 45 ساڵەوە بووە، توانیویانە بەبێ مەحرەم و بە شێوەی سەربەخۆ داواکاری پێشکەش بکەن."
لە بەشێکی گرنگی دیکەی قسەکانیدا، نەبەز ئیسماعیل هۆشدارییەکی تووندی دا لەبارەی کڕین و فرۆشتن بە ناوەکانەوە و ڕایگەیاند، "ئەو کەسەی ناوی دەردەچێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت شوێنەکەی خۆی بفرۆشێتەوە، یان بیدات بە کەسێکی دەرەوەی خێزانەکەی، وەک دراوسێ یان هاوڕێ." ناوبراو دووپاتی کردەوە، کە "تەنازولکردن" یان گواستنەوەی شوێن تەنیا بۆ کەسانی پلە یەک ڕێگەپێدراوە، وەک گواستنەوەی شوێن لە باوکەوە بۆ کوڕ، لە مێردەوە بۆ ژن، یان لە خوشکەوە بۆ برا و بە پێچەوانەشەوە. هەر جۆرە مامەڵەیەکی بازرگانی بە ناوەکانەوە بە نایاسایی هەژمار دەکرێت و وەزارەت بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات.
تێچووی حەج و پاڵپشتیی حکومەت
تێچووی حەج هێشتا بە فەرمی بۆ ئەم ساڵ دیاری نەکراوە و چاوەڕوانی دەستەی باڵای حەجی عێراق دەکەن. ساڵی رابردوو تێچووی سەفەری حەج بە فڕۆکە حەوت ملیۆن دینار و بە پاس پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینار بووە.
نەبەز ئیسماعیل جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵی پار زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار پاڵپشتیی پڕۆسەکەی کردووە، کە بووەتە هۆی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر لەڕووی هۆتێل و خواردن و گواستنەوە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵیش ئەو پاڵپشتییە بەردەوام بێت. پارەی حاجییان راستەوخۆ دەخرێتە سەر حسابێکی بانکیی تایبەت لە عێراق و هیچ کۆمپانیایەک پارە لە حاجییان وەرناگرێت.
رۆڵی کۆمپانیاکان و پشکی تایبەتی شەهیدان
زیاتر لە 110 کۆمپانیای تایبەت بە گەشتی حەج، سەرپەرشتیی حاجییان دەکەن، بە جۆرێک هەر کۆمپانیایەک بەرپرسیار دەبێت لە 47 حاجی. ئەو کۆمپانیایانە هیچ بڕە پارەیەک لە حاجییان وەرناگرن، بەڵکو ئیمتیازیان ئەوەیە کە نوێنەرەکانیان ڤیزای حەجیان بەبێ بەرامبەر بۆ دابین دەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دووپاتی کردەوە، کە هیچ پشکێکی تایبەت بۆ هیچ بەرپرس و لایەنێک بوونی نییە، تەنیا پشکێک نەبێت کە بۆ کەسوکاری شەهیدانی سەنگەر تەرخان کراوە کە بریتییە لە 120 شوێن. ئەگەر ژمارەی داواکاران لە کەسوکاری شەهیدان لەم رێژەیە زیاتر بێت، ئەوانیش دەچنە ناو تیروپشکێکی تایبەت بە خۆیانەوە.