لە رووهای باکووری کوردستان باڵەخانەیەک رووخا؛ دوو کرێکار گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی کارکردن لە باڵەخانەیەک لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان، باڵەخانەکە رووخا و لە ئەنجامدا 2 کرێکار گیانیان لەدەستدا و سێی دیکە بریندار بوون.
رووداوەکە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2025 لە گەڕەکی قساس لە رووها روویدا. لەکاتی تێکردنی کۆنکرێت بۆ باڵەخانەیەکی یەک نهۆمی کە کاری تێدا دەکرا، باڵەخانەکە بەسەر کرێکارەکاندا رووخا.
پێنج کرێکار کەوتنە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکەوە. تیمەکانی ئافاد، بەرگریی شارستانی، جەندرمە و تیمی تەندروستیی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
دوای هەوڵێکی زۆری تیمەکان و هاووڵاتییان، کرێکارە بریندارەکان لەژێر داروپەردووەکە دەرهێندران و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانەی فێرکاری رووها، دوو کرێکار بە ناوەکانی سەدات کورت و یەعقوب گونەش گیانیان لەدەستدا.
پۆلیس لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.