رێگەی 60 گوندی باکووری کوردستان بەهۆی بەفرەوە داخرا
رووداو دیجیتاڵ
بەفر لە پارێزگاکانی مووش، سێواز، وان، ئەردەخان، قەرس، بەدلیس و جۆلەمێرگی باکووری کوردستان باری. لە مووش بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی 14گوند و لە سێواز رێگەی 46 گوند داخرا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2025، شەهمووس یەنتور، بەرپرسی راگەیاندنی پارێزگای مووش، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردەوە، بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە دەبارێ و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا رێگەی 14 گوند داخراوە. تیمەکان دەستیان بە کارکردن بۆ پاککردنەوەی رێگەکان کردووە.
هاوکات بەگوێرەی راگەیێندراوی کارگێڕیی پارێزگای سێواز، بەهۆی بەفرەوە رێگەی 46 گوند لە پارێزگاکە داخراوە و تیمەکانیش بۆ کردنەوەی ئەو رێگەیانە دەستیان بە کارکردن کردووە.
لە پارێزگای وانیش بەفر لە بەشێکی پارێزگاکەی باکووری کوردستان باری، لەوانەش شارۆچکەکانی ئەلباک و موکس.
لە رێگەی وان - موکس و لە رێگەی وان - جۆلەمێرگ بەهۆی بەفربارین و تەمەوە شۆفێران لە رۆیشتندا تووشی سەختی بوون.
لە پارێزگای بەدلیسیش بەفرباری. بەهۆی بەفرەکەوە ئۆتۆمبێلەکان بە بەفر داپۆشران و پارکەکان سپیپۆش بوون.
لە پارێزگای جۆلەمێرگیش بەهۆی ئەو بەفرەی لە شەودا دەستی پێکرد و پچڕ پچڕ بەردەوام بوو، سەنتەری شار سپیپۆش بوو.
تیمەکانی رێگەوبان، دەستیان بە راماڵینی بەفر لە رێگەکان کرد و تیمەکانی هاتووچۆش شۆفێرانیان ئاگادارکردەوە کە بە هۆشیارییەوە شۆفێری بکەن.