دەستەی گەشتوگوزار: تابلۆی تەواوی ناوچە گەشتیارییەکان کراونەتە کوردی
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێ، تەواوی شوێنە گەشتیارییەکانیان پابەند کردووە کە نووسراوی سەرەکیی سەر تابلۆ و پسووڵەکانیان بە زمانی کوردی بێ.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بابەتی زمانی کوردی بەلای ئێمەوە ئەرکێکی ئەخلاقییە بۆ پاراستنی شووناسی کورد. لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاردراوە کە دەبێ هەموو شوێنە گەشتیارییەکان زمانی یەکەمی نووسراوەکانیان کوردی بێت".
بەگوێرەی نوێترین داتای دەستەی گەشتوگوزار بۆ رووداو، نزیکەی 3 هەزار شوێن و ناوچەی گەشتیاری بە فەرمی تۆمارکراون، لەنێویاندا 480 هۆتێل، 282 مۆتێل، 44 کۆمەڵگەی گەشتیاری، 20 گوندی گەشتیاری، 1000 رێستۆرانت و خواردنگەی خێرا، 700 کافتریا و 28 شوێنی یاری هەن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: "دوای ئەوەی بڕیارەکەمان دا، ئێستا بە نزیکەی 100%ـی شوێنەکان پابەندبوون و کوردیی زمانی سەرەکیی تابلۆکانیانە، لەبەر ئەوەش هیچ شوێنێک بەهۆی پابەند نەبووە سزا نەدراوە".
بەگوێرەی بڕیارەکەی دەستەی گەشتوگوزار، هەر شوێنێکی گەشتیاریی نوێ دابمەزرێ، مۆڵەتی پێنادەن ئەگەر زمانی کوردیی زمانی یەکەمی کارەکانی نەبێ؛ ئەوانەشی مۆڵەت نوێ دەکەنەوە، هەمان بڕیاریان بەسەردا جێبەجێ دەکرێ.
لە ماوەی رابردوودا بڕیارەکەی دەستەی گەشتوگوزار لە بەشێك لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی عێراقدا کاردانەوەی لێکەوتەوە. گوتەبێژی دەستەکە دەڵێ: "خوێندنەوەی هەڵەی بۆ کرابوو. ئێمە دژی زمانی عەرەبی و هیچ زمانێکی بیانی نین، تەنیا ئامانجمان پاراستنی زمانی کوردییە کە خەریکبوو زمانی بیانی زاڵ دەبوو بە سەریدا".
"زمانی عەرەبی یان زمانەکانی دیکە لە شوێنە گەشتیارییەکان قەدەخە نین، بەڵام بەو مەرجەی کوردی زمانی سەرەکی بێت"، ئەوەش بەگوێرەی قسەی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بۆ رووداو.
ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی: "بەهیچ شێوەیەک پاشەکشە لە بڕیارەکەمان ناکەین کە جگە لە تابلۆکانیش نووسراوی سەر پسووكەکان دەبێ زمانی یەکەمی کوردی بن".
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان داوای لە هاونیشتمانییان کرد هەر شوێنێکی گەشتیارییان بینی نووسراوی تابلۆ و پسووكەکانی کوردی نەبوون، لە رێگەی پەیجەکانیانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاگاداریان بکەنەوە.